لە جەزائیر پەرستارێک لەکارەکەی دووردەخرێتەوە؛ 'ڤیدیۆی خۆی لەکاتی پێچانەوەی مردوویەک بڵاوکردووەتەوە'

01-09-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە جەزائیر خانمە پەرستارێک ڤیدیۆی خۆی لەکاتی ئێشکگریدا بڵاو کردووەتەوە کە مردوویەک دەپێچێتەوە. لەبەر ئەم هۆیەش بەرپرسانی تەندروستیی جەزائیر بە تووندی سەرکۆنەی کارەکەی دەکەن و کارگێڕیی نەخۆشخانەکە پەرستارەکە دووردەخاتەوە.
 
ئەو پەرستارە لە پەڕەی تیکتۆکێکدا ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی سەلیم زمیرلی لە جەزائیر بووە. تەنانەت بەشێکی جەستەی مردووەکەش دیارە.
 
تەندروستیی جەزائیر هاتووەتە دەنگ و دەڵێت: ''ئەوە پێشێلکردنی مافی مردووەکەیە و پیرۆزیی پیشەی پزیشکی پێشلێکراوە، لێکۆڵینەوە لە کەسی پەیوەندیدار دەکەین''. چالاکڤانانی وڵاتەکەش دەڵێن، ئێستا کەسانی سۆشیاڵ میدیاکان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی بینەریان زیاد بێت، بەبێ گوێدان بە بەها کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان.
 
کارگێڕیی نەخۆشخانەکەش رایگەیاندووە، ئەو پەرستارە لە کارەکەی دووردەخرێتەوە تاوەکو بڕیاری وەزارەتی تەندروستی و ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان دەردەچن.
 
ئەو پەرستارەش پەیامێکی خۆی بڵاوکردووەتەوە کە مەبەستەکەی تەنیا هۆشیاری و پەروەردەیی بووە و لە پەیجێکی بچووکدا بڵاوی کردووەتەوە، پاشان لە پەیجی دیکە بڵاوکراوەتەوە و داوای لێبووردنیشی لەو بارەیەوە کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە