داهێنانێک شێوازی دروستکردنی قاڵبی پەلە دەستکردەکان دەگۆڕێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژەران لە کەنەدا دیزاینێکی نوێیان بۆ قاڵبی پەلە دەستکردەکان داهێناوە کە بە تەواوی بەپێی کەسەکە دروست دەکرێت.
 
توێژەران لە زانکۆی سایمۆن فرێزەر لە کەنەدا ئاماژە بەوەدەکەن قاڵبە تەقلیدییەکان زۆرجار رەچاوی خاڵەکانی پەستان و دابەشبوونی هێز ناکەن کە بۆ هەر کەسێک جیاوازە، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و کێشەی تەندروستی، بەڵام لەم داهێنانە نوێیەدا، هەستەوەری پێوانەکردنی پەستان لەنێو رووپۆشێکی سیلیکۆن دانراوە، نەخۆشەکە بۆ ماوەیەک ئەم رووپۆشە لەپێ دەکات و لە کاتی وەستان، رۆیشتن و جوڵەی ئاساییدا، هەستەوەرەکان داتای ورد لەسەر پەستان و هێز کۆدەکەنەوە، دواتر نەرمەکاڵایەکی زیرەکیی دەستکرد ئامارەکان وەردەگێڕێت بۆ دیزاینێکی تایبەت و بە پرینتی سێ رەهەندی قاڵبێک دروست دەکات کە پێکهاتەیەکی تۆڕی و کراوەی هەیە، هاوشێوەی شانەی هەنگوین یان پێکهاتەی ناوەوەی ئێسک.
 
زانکۆ کەنەدییەکە ئاشکرای دەکات قاڵبە نوێیەکە لە کاتی وەستاندا 1,6% و  لە کاتی رۆیشتندا 1,29% زیاتر وزە هەڵدەمژێت بەراورد بە قاڵبی تەقلیدی.
 
پڕۆفیسۆر د. وو سو سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "بۆ یەکەمجار، ئەم تەکنەلۆژیایە زانیاریی ورد لەسەر پەستان و هێزی دابەشبووی سەر پەلەکە وەردەگرێت و بەکاریدەهێنێت بۆ دیزاینکردنی قاڵبێکی تایبەت بە کەسەکە."
 
پڕۆفیسۆر د. وو سو گوتی "ئەم دیزاینە نوێیە نەک تەنیا ئاسوودەیی بەکارهێنەران زیاد دەکات، بەڵکو بەهۆی هەڵمژینی وزەی زیاترەوە، دەتوانێت کێشە باوەکانی وەک برینی پێست، ئازار، ناجێگیری و هەوکردنی جومگەکان کەم بکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە