رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، ئەگەر خانمانی دووگیان تووشی کۆڤید-19 ببن، ئەوا ئەگەری وەچەخستنەوەی ئۆتیزم زیاد دەبێت.
توێژەرانی زانکۆی ماساچووسێتسی ئەمریکی تاقیکردنەوەیان لەسەر 18 هەزار منداڵی تازەلەدایکبوو کردووە لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2021 و دەرکەوتووە، زۆرینەی ئەو منداڵانەی دایکیان لەماوەی دووگیانیدا تووشی کۆڤید-19 بووە، ئۆتیزمن یاخود ناڕێکییەکی دەمارییان هەبووە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری Obstetrics and Gynecology بڵاو کراوەتەوە و د. لیدیا شوک، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: خانمانی دووگیانی تووشبووی کۆڤید-19 بەڕێژەی 2.7٪ ئەگەری وەچەخستنەوەی ئۆتیزمیان هەبووە.
لێکۆڵینەوە لە هۆکار یاخود لێکەوتەکانی بوونی منداڵ بە ئۆتیزم بەردەوامن، چونکە بەپێی CDC، لەکۆی 31 منداڵی لەدایکبوو، یەکێکیان ئۆتیزمە.
ئۆتیزم
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزیی مێشکە و لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی کێشەیەکی کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، فرمانی ئاسایی مێشک تێکدەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکە کەم دەبێتەوە.
پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناخێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشاندەکرێن و دەست بەچارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتردەبن.
هۆکارەکانی ئۆتیزم
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە، بەڵام کاتێک تاکێکی منداڵی دووانە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی دیکە 70-90% دەبێت، ئەمەش ئاشکرایدەکات کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە و کۆمەڵێک بۆهێڵ بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
هەروەها دەگوترێت هۆکاری ژینگەیی وەک بەرکەوتن بە ڤایرۆس و ماددە ژەهراوییەکان لەماوەی دووگیانی ئەگەری تووشبوونی کۆرپە بە ئۆتیزم زیاددەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ