رووداو - تەندروستی
ناوەندی توێژینەوەی ئەیدز رایدەگەیێنێت، بەرکەوتن بە دەرزیی پیسبوو بە ڤایرۆسی HIV هۆکاری سەرەکییە بۆ تووشبوون بە کۆنیشانەی ئەیدز.
لادن عەباسیان، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئەیدز و پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران دەڵێت: هەر لە منداڵی تازەلەدایکبووەوە تاوەکو بەساڵاچووان تووشبووی ئەیدز هەیە، منداڵە تووشبووە مەلۆتکەکانیش ئەوانەن کە لە دایکیانەوە بۆیان گوازراوەتەوە.
لادن عەباسیان، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی ئەیدز لە ئێران گوتی، باشترین رێگەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە، پشکنینی پێشوەختە و زووچارەسەرکردنن.
لەبارەی دەرمانەوە ئەو بەرپرسەی کۆنتڕۆڵکردنی ئەیدز لە ئێران دەڵێت، ئێستا حەبی دژەڤایرۆسی ئەیدز بەردەستە و هەمووی بەخۆڕایین.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی توێژینەوەی ئەیدز، بەکارهێنانی دەرزیی پیسبوو بە خوێنی کەسی تووشبوو سەرەکیترین رێگەی تووشبوونە بە ئەیدز، لەدوای ئەوە پەیوەندیی سێکسی و شیرپێدان پاشانیش دووگیانبوونی دایکی تووشبوو دێت بۆ کۆرپەکەی.
لە ئێران هەڵمەتێک بە ناونیشانی ''منیش پشکنینی ئەیدز دەکەم'' لە 10ـی 11 تاوەکو 10ـی 1 بەردەوامە و ئامانجیش ئەوەیە کە پشکنین، هۆشیاری، پەروەردە و خزمەتگوزاری لەبارەی ئەیدزەوە پێشکێشبکرێن.
ئامارەکانی ئەیدز لە ئێران
بەپێی دوایین داتاکان، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 41 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسی HIV بووبن، لەو ژمارەیەش 25 هەزار و 870 کەسیان بە دڵنیاییەوە وەکو تووشبوو تۆمار کراون، زۆرترینی تووشبووانیش تەمەن 20 بۆ 45 ساڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ