قایمقامیەتی سلێمانی: گوێزان (مووس)ـی دووبارەبەکارهاتوو رێگەیەکی گواستنەوەی ئەیدزە

01-12-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی گوێزان (مووس)ـی دووبارەبەکارهاتوو بە هەموو شێوەیەک لەلایەن سەرتاشەکانەوە قەدەخەیە و بەپێچەوانەوە دووچاری سزا دەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 1-12-2025 گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، پێویستە هەر کەلوپەلێکی سەرتاشخانە بەرکەوتەی بە خوێن هەبێت، دەبێت یەکجار بەکاربێت، چونکە دەشێت مووس و گوێزانی سەفەری دەکرێت ببێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسیی درێژخایەن بەتایبەت ئەیدز.
 
هۆشداری دایە خاوەنکارەکان کە پشکنین بۆ کارمەندە بیانییەکانیان بکەن و مەرجەکانی تەندروستییان هەبێت.
 
رۆژی 1ـی 12 رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆنیشانەی لاوازبوونی بەرگریی جەستە AIDS و لە هەموو جیهاندا کار دەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەپێناو خۆپاراستن لەم نەخۆشییە و رەچاوکردنی مەرجەکانی خۆپارێزی. بەتایبەت لە وڵاتە تازەگەشەسەندوو و کەمداهاتەکان.
 
ئەیدز، یان کۆنیشانەی لاوازبوونی بەرگریی جەستە، یەكەمجار لە ساڵی 1981 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا دۆزرایەوە، له‌ ‌ساڵی 1986 یه‌كه‌مجار له‌ عێراق ئەیدز ده‌ستنیشانكرا و 273 تووشبوو تۆماركران، تاوەکو ساڵی 2007 ژمارەی تووشبووان 475 کەس بوو، به‌ڵام له ‌ساڵی 2017 ژمارەی تووشبووان بووە 185 کەس. لە ساڵی 2018ـەش‌ گه‌یشته‌ 224 كه‌س، ژمارەی تووشبووانیش ساڵانە زیاد دەکات و ئێستا بەگوێرەی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق، 2881 تووشبووی تۆمارکراوی ئەیدز لەنێو عێراقدا هەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە