تەندروستی
کارمەندێکی تەندروستی لەنێو تاقیگەیەکە و پشکنین دەکات. وێنە: بۆ روونکردنەوە لە تاقیگە دانراوە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، پارێزگاری هەڵەبجە بڕی شەش ملیۆن دیناری بۆ دابینکردنی پێداویستیی تاقیگەیی پشکنینی جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە تەرخان کرد کە بەشی نزیکەی 300 کەس دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-7-2025 د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، لە وەزارەتەوە هیچ بودجەیەک بۆ کڕینی پێداویستیی تاقیگەیی دابین ناکرێت و دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانایە بکرێت کە ماوەکانی رابردوو وەزارەت داینا بۆ کڕینی پێداویستیی تاقیگەیی.
د. ئازاد مستەفا روونی دەکاتەوە، ئەو کۆمپانیایەی وەزارەتی تەندروستی دایناوە، بودجەیەکی زۆری تێدەچێت و تەنیا بەشی مانگێکیان دەکات، دوای ئەوە هیچ بودجەیەکی دیکەیان بۆ مانگەکانی دیکە نامێنێتەوە، ئەمە هۆکارە کە بەرپەچی ئەو بڕیارەی وەزارەت بدەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی هەیانە کۆگە کراون و ئەگەر تەواو بن ئەوا هیچ بودجەیەکیان لەبەر دەست نییە بۆ کڕینی هی نوێتر.
د. ئازاد لە پەڕەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە و گوتویەتی، ''وابڕوات نەبوونی بودجە، نەبوونی داهاتی نێوخۆیی و نیەتی بەگران کڕینی پێداویستی تاقیگەیی لە کۆمپانیا حیزبییەکان، ئەمساڵ قەیران بە قەیران دەسپێرین''.
بڕیارە نوێیەکەی وەزارەت بۆ کڕینی پێداویستیی تاقیگەیی چییە؟
بەرپرسێکی تەندروستی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە بەجۆرێکە کە هەموو تاقیگەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان بە بنکە تەندروستییەکانیشەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بۆ دابینبکرێت. {لێرەوە راپۆرتێک بخوێنەرەوە}.
چارەنووسی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی لەسەر تاقیگەکان چی لێهات؟ {لێرەوە بزانە}
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ