رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگ لە شارەزوور رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەوەی ستافی پێویست نییە، ئەوا ناتوانن نەشتەرگەرییە فریاگوزارییەکان لە نەخۆشخانەکەیان بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-8-2025 د. شڤان کوردە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئووف بەگ لە شارەزوور (نەخۆشخانەی گشتیی شارەزوور) لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەگەر کەسێک ریخۆڵەی گیرا بێت یاخود ریخۆڵەکوێرەی هەبێت، ئەوا جگە لە پێدانی ئازارشکێن و گواستنەوەی بۆ سلێمانی، هیچی دیکەی بۆ ناکەن.
ماوەی گەیشتنی ئەمبوڵانسێک لەنێوان پێنجوێن و شارەزوور بۆ سلێمانی بەراورد بە ماوەی نێوان سەیدسادق بۆ سلێمانی
- ئەمبوڵانسێک لە پێنجوێن بۆ سلێمانی 99 کیلۆمەتر دەبڕێت، بەڵام پێنجوێن بۆ سەیدسادق 39 کیلۆمەترە.
- ئەمبوڵانسێک لە شارەزوور بۆ سلێمانی 49 کیلۆمەتری پێویستە، بەڵام شارەزوور بۆ سەیدسادق 12 کیلۆمەتری پێویستە.
- ئەمبوڵانسێک لە سەیدسادق بۆ سلێمانی 51 کیلۆمەتری پێویستە، بەڵام بۆ نێو سەیدسادق خۆی؛ هیچی پێویست نییە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەکرێتە سەنتەرێکی فریاگوزاریی 24 کاژێری
دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵپەساردنی كاركردنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی رۆژهەڵات كە لە قەزای سەیدسادق بۆ كارئاسانی دانیشتووانی ئەو قەزایە، پێنجوێن و شارەزوور كرابووەوە، وەزارەتی تەندروستیش دەیەوێت سەنتەرێکی فریاکەوتنی 24 کاژێری لە سەیدسادق بکاتەوە.
رووداو زانیویەتی، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، چەند رۆژێكە سەرقاڵی رێكارەكانی كردنەوەی سەنتەرێكی فریاکەوتنی خێرای 24 كاژێرییە لە سەیدسادق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک ئەوە بە گرنگ دادەنێت.
د. شڤان کوردە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە شارەزوور دەڵێت: "نەخۆشخانەکەی ئێمە نەشتەرگەریی گەرمی تێدا ناکرێت، ئەگەر کەسێک نەشتەرگەریی ریخۆڵە کوێرەی بوێت، ناتوانین بیکەین، چونکە ژووری ئامادەکراو و ستافی پێویستمان نییە، تەنیا خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ دەکەین و دەینێرین بۆ سلێمانی''.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتی، "پلانەکەمان بۆ کردنەوەی ئەو سەنتەرە لە سەیدسادق بۆ خزمەتی ئەو ناوچەیە گرنگە، ئێستا رەزامەندیی کڕینی ئامێری سیتیی سکانمان وەرگرتووە، هەروەها دەمانەوێت کارمەندی پێویستیشی بۆ دابنێین بۆ ئەوەی 24 کاژێر کارکردن لەنێویدا بەردەوام بێت''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ