پسپۆڕێکی کیمیای پیشەسازی: پاشماوەیەکی کێڵگە نەوتییەکان بەهەڵە فڕێدەدرێت و مەترسیدارە

03-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی کیمیای پیشەسازی هۆشداری دەدات لە فڕێدانی جۆرێک پاشماوەی نەوتی پاڵاوگەکان و بە ''تیرۆرکردنی خاک و ژینگە'' ناوی دەبات.
 
د. کاوە شەریف، پسپۆڕی کیمیای پیشەسازی رایدەگەیێنێت، بەداخەوە لەسەر رێڕەوی گشتی و رێڕەوی بەنداوەکانی کوردستان مادەی رەش و پاشماوەی نەوتی خاو فڕێدەدرێت یاخود تێکەڵ بە ئاو دەکرێت کە ئەوە مەترسیدارە.
 
د. کاوە شەریف دەڵێت: پاشماوەی نەوتی خاو لە وڵاتە پێشكەوتووەکاندا سوودی پیشەسازی لێدەبیندرێت و جلوبەرگ و پێداویستیی رۆژانەی لێدروستدەکرێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان ئەو پاشماوەیە کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
 
ئەو پسپۆڕە باسی پێکهاتە رەشەکە دەکات و دەڵێت، بریتییە لە تێزاب (ترشی گۆگردیک، گۆگرد، گۆگرداتی سۆدیۆم، ئەسیل مێرکەپتان، CS2 و CaS) کە هۆکارن بۆ لەنێوبردنی خاک و تێکدانی جینی مرۆڤ و نەخۆشیی درێژخایەن.
 
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەم پێکهاتەیە لە پاشماوەی تێکەڵی نەوت و رۆنی گازوایل لە پاڵاوگە نایاساییەکان دەمێنێتەوە. نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لەهەندێک ناوچە باش نییە و سەلفەری بەرزە کەچی لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت و لە پاڵاوگە نایاساییەکاندا جۆرە رۆنێکی لێبەرهەمدێت کە سەلفەرەکەی سەروو (20000ppm)ـە کە هیچ رێگەپێدراو نییە بۆ بەکارهێنان.
 
بۆ لابردنی ئەو سەلفەرە بەرزە، تێزاب و هایدرۆکسیدی سۆدیۆم و بنتونايت بەکاردێت، دوای 4 کاژێر دوو چین دروستدەبن کە یەکێکیان ئەو مادە رەشەیە کە فڕێدەدرێتە نێو ئاو و سەر خاک.
 
د. کاوە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ئەو مادە رەشە باس دەکات بەم شێوەیە؛ 
 
- کاتێک ئەو مادە رەشە بەر خاک دەکەوێت، خاک تیرۆر دەکات و لەنێوی دەبات، چونکە جارێکی دیکە هیچ رووەک و سەوزاییەکی لێناڕوێتەوە.
 
- ئەگەر لە رێڕەوی بەنداو و باراناودا فڕێبدرێت و تێکەڵی ئاو بێت، ئەوا ئەو ئاوەش بەکەڵکی خواردنەوە و ئاودێری نامێنێت.
 
- ئەگەر بەر پێست بکەوێت و بچێتە جەستەوە، کەمتر لە ساڵێک کەسەکە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن دەبێت و رەنگە شێرپەنجەشی لێبکەوێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو تیمەی پارچە ئێسکەکەیان دەرهێناوە.

لە سلێمانی پارچە ئێسکێک دوای دوو ساڵ لە ریخۆڵەی کەسێکدا دەرهێنرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەرس و جگەر پارچەیەک ئێسک لە کۆڵۆنی کەسێکدا دەرهێنراوە کە دوو ساڵ بووە لەنێو ریخۆڵەیدا بووە.