رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەم جارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی خوو و مەرجە تەندروستییەکان بوو بۆ ساڵی نوێ و پسپۆڕی جیاواز قسەیان تێدا کردووە، یەکێکیان دەڵێت: نەزۆکی نەماوە، چونکە چارەسەری هەیە، بەڵام دەبێت زوو دەستنیشان بکرێت.
د. کەمیلیا بویا، پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: پێش دووگیانبوون، پێویستە پیاو و خانمان پشکنینی پێشوەختە بکەن بەتایبەت پشکنینی ئاسن و مادە خۆراکییەکان لەگەڵ پشکنینی سپێرم.
د. مەریوان هاویل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بۆ ساڵی داهاتوو هۆشداری بە خەڵک دەدات کە دڵیان بپارێزن، ئەمەش بە دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان پاشانیش وەرزش و خۆراکی تەندروست.
بەگوتەی د. مەریوان هاویل، نابێت لەبری جگەرەی ئاسایی، پەنا ببرێتە بەر کێشانی ڤەیپ، ''چونکە هەموویان خراپن بۆ تەندروستی''. لەبارەی کحولیشەوە گوتی، یان مەیخۆ یانیش بەرە بەرە کەمی بکەرەوە تا وازی لێ دەهێنیت.
د. ساسان کۆیی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان هۆشداری دەدات کە منداڵ لە دوو ساڵی سەرەتای تەمەنیدا نابێت بە هیچ شێوەیەک سەیری تەلەڤزیۆن بکات. پاش دوو ساڵیش دەبێت پڕۆگرامی فێرکاری بێت و نابێت چەند کاژێرێک بەسەریەکەوە بێت.
د. نەشوان تۆفیق سڵێوە، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ باسی پاراستنی گورچیلەکان دەکات و دەڵێ، چەرەسەکان کەم بکرێنەوە و هەمیشە وەرزش بکرێت.
باسی ئەمانەش دەکات (خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، خواردنی سەوزە و میوەکان، خواردنی پڕۆتینەکانی وەکو گۆشت و مریشک، دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان، چونکە گورچیلە سست دەکەن).
د. کێوان کەمال، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە فیسیۆلۆژیی خوێن لەبارەی هۆکارەکانی شێرپەنجەی خوێن دەڵێ، لە منداڵان زۆرە و خۆراکی ناتەندروست هۆکاری سەرەکییە وەکو چپس و فاستفوود. هەروەها باسی مەترسیی جگەرەکێشانیش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ