راپرسییەکی رووداوی تەندروستی باشترین پزیشکی ساڵی 2025ـی ئاشکرا کرد

05-01-2026
شکار رێبوار
شکار رێبوار
وێنەیەکی روونکردنەوەیی کە گوزارشت لە راپرسی و پزیشکێک دەکات.
وێنەیەکی روونکردنەوەیی کە گوزارشت لە راپرسی و پزیشکێک دەکات.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکی دێسکی تەندروستیی رووداو، د. هێمن زەمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە سلێمانی بووە باشترین پزیشکی ساڵی 2025. یەکێک لە پزیشکە پێشەنگەکانی راپرسییەکەش دەڵێ، ''ئەوەی دێسکی تەندروستیی رووداو کردی، هاندانێکی جیدی بوو بۆ پزیشکان''.
 
لە رۆژی 25ـی 12ـی 2025دا لە پەیجی رووداوی تەندروستی راپرسییەک دانرا و خەڵکانێکی زۆر دەنگیان دا بۆ ئەوەی کە باشترین پزیشكی ساڵ هەڵبژێرن. بۆ ئەم راپرسییە 5 پزیشک بەربژێر کران، ئەمەش لەڕێگەی فیلتەرکردنیان دوای پۆستێکی فەیبسووکمان کە لە خەڵکمان پرسی، کێ باشترین پزیشكی ساڵی 2025ـە و ئەوانیش هەر یەکە و پزیشکی خۆیان کە پێیان باشترین بووە لە کۆمێنت نووسی.
 
سەرەنجام پێنج پزیشک زۆرترین ئەوانەبوون کە دووبارە بووبوونەوە و خەڵک لەلای باشترینی ساڵی 2025 بوون دواتر ئێمەش کردمانە راپرسییەک لە پەیجی فەیسبووکی رووداوی تەندروستی و پزیشکەکانیش ئەمانە بوون؛
 
- د. هێمن زەمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری
- د. بەرهەم محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی هەرس و جگەر
- د. خاوەند سنجاوی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت
- د. بەیار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ لە منداڵان
- دکتۆر شەیدا رەشید، پزیشکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان
 
لە ئەنجامی ئەم راپرسییەشدا؛ د. هێمن زەمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە سلێمانی بە باشترین پزیشكی ساڵی 2025 دەستنیشان کرا و 41٪ـی دەنگدەران دەنگیان بۆ ئەوە بووە کە ئەو باشترین پزیشكی ساڵە، دوای ئەویش د. خاوەند سنجاوی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت بە پلەی دووەم 35٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و د. بەیار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ لە منداڵان بە پلەی سێیەم 15٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
''خۆشبەختانە لە وڵاتانی ئەورووپاوە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر''
 
د. هێمن زەمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری براوەی راپرسییەکە بوو و دەڵێ، لە هەرێمی کوردستان چەندین پزیشکی بەتوانا هەن و خۆشبەختانە لە وڵاتانی ئەورووپاوە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر.
 
ئەوەش باس دەکات کە وەزارەتی تەندروستی پشتگیریی پزیشکان بکات، پزیشکان خزمەتی زیاتر دەکەن و وەزارەتی تەندروستی پشتگیریی پزیشکان بکات، هەرێمی کوردستان دەبێتە شوێنێکی گەشتیاریی پزیشکی.
 
''ئەوەی دێسکی تەندروستیی رووداو کردی، هاندانێکی جیدی بوو بۆ پزیشکان''
 
د. خاوەند سنجاوی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت پلەی دووەمی لە راپرسییەکەدا بەدەستهێنا و دەڵێت: ئەوەی دێسکی تەندروستیی رووداو کردی، هاندانێکی جیدی بوو بۆ پزیشکان، چونکە دێسکی تەندروستیی رووداو هانی پزیشکانی دا بۆ ئەوەی باشترین پێشکێش بکەن.
 
د. خاوەند سنجاوی گوتی، ئەنجامی نەشتەرگەرییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتوون و بایەخدان بە نەخۆش هۆکارێکی بەدەستهێنانی متمانەیە بۆ پزیشک.
 
''بەدەستهێنانی پسپۆڕیی ورد هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نەخۆشەکان''
 
د. بەیار عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی میزەڕۆ لە منداڵان بە سێیەم باشترین پزیشکی ساڵی رابردوو هەڵبژێردرا و دەڵێ، بەدەستهێنانی پسپۆڕیی ورد هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نەخۆشەکان و بەدەستهێنانی پسپۆڕیی ورد خزمەتی زیاتر بە نەخۆش دەکات و باشتر چارەسەر دەبێت.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، ''پزیشکانی گەنج هەوڵبدەن پسپۆڕیی ورد بخوێنن، بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکانیان وردتر و کاریگەرتر بێت''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە