لیكۆڵینەوەیەک: نیوەی ئەو ڤیدیۆ دەروونییانەی لە تیکتۆک بڵاو دەکرێنەوە هەڵەن

04-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لەسەر ڤیدیۆی رێنوێنییە دەروونییەکان کراوە کە لە پلاتفۆڕمی تیکتۆک بڵاوکراونەتەوە و دەریدەخات، نیوە زیاتریان زانیاریی هەڵە بڵاو دەکەنەوە.
 
بەپێی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیادتێکەڵاوبوونی سۆشیاڵ میدیاکان، دەشێت زۆرێک لە خەڵکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکانیان پەنایان بۆ ببەن، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشکرای دەکات، لەکۆی 100 ڤیدیۆی تیکتۆک لەسەر ئەو بابەتە، 52ـیان زانیاریی هەڵەیان تێدا بووە و لەلایەن کەسی ناشارەزاوە بڵاو کراونەتەوە. چارەسەری نەگونجاویشیان پێشنیاز کردووە.
 
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، هەندێک ڤیدیۆ پێشنیازی خواردنی پرتەقاڵ بۆ کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی دەکەن یان هانی خواردنی تەواوکەرە خۆراکییەکان دەدەن بۆ چارەسەری خەمۆکی بەبێ راوێژی پزیشک کە هێشتا نەسەلمێندراوە کە کاریگەرییان هەبێت، یاخود باسکردنی نیشانەکانی تێکچوونی سۆزداری بە هەڵە کراوە.
 
د. دەیڤد ئۆکای، راوێژکاری نەخۆشییە دەروونییەکان لە کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا دەڵێت: ''دەستەواژە پزیشکی و زانستییەکان لە زۆرینەی ڤیدیۆکاندا هەڵەن و ئەمەش خەڵک بە لاڕێدا دەبات و تووشی سەرلێشێواویی دەکات''.
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، بە کورتە ڤیدیۆیەکی چەند چرکەیی ناتواندرێت چارەسەر و دەستنیشانی کێشە دەروونییەکان بکرێت. چونکە ئەوانە پێویستیان بە راوێژکارێک هەیە کە چەندان خولەک و کاژێر لە کەسی نەخۆش تێبگات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە