بەڕێوەبەری سەنتەرێکی شێرپەنجە: لە عێراق سندووقی شێرپەنجە نییە

04-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرێکی تەندروستی لە کەرکووک دەڵێت، لە عێراق سندووقی شێرپەنجە نییە وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، تووشبووانێکی کەم بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.
 
نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجە لە کەرکووک، رۆژی دووشەممە 04-08-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە عێراق سندووقی شێرپەنجە وەک هەرێمی کوردستان نییە و بە یاسا رێکنەخراوە. تووشبووانیش لەنێوخۆی عێراق چارەسەر وەردەگرن."
 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی، "دەرمان و چارەسەر و نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێن. هەر کەسێکیش بە چارەسەرییەکانی کەرتی گشتی رازی نەبێت، دەتوانێت لەسەر ئەرکی خۆی لە نەخۆشخانەی تایبەت یان لە دەرەوەی وڵات چارەسەر وەربگرێت."
 
نیاز ئەحمەد باسی لەوەش کرد، لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بژاردەی ناردنی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات "زۆر سنووردارە" و ئێستا بە پاساوی نەبوونی بودجە، ئەو بژاردەیەش "زۆر کەمبووەتەوە."
 
سندووقی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان هەیە. بەگوێرەی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2012 رێکخراوە، بەناوی "یاسای سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان."
 
ئامانج لە سندووقەکە بریتییە لە دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، لەوانەش دابینکردنی پێداویستییەکانی چارەسەر، دەرمان، ئامێری پزیشکی لە بنکە تایبەتەکان و رەخساندنی دەرفەتی چارەسەرکردن لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
بەشێک لە سەرچاوەکانی دارایی سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە پێکدێت لە:
 
1- ئەو 5%ـەی دەخرێتە سەر باج و رسووماتی خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە.
 
2- 50%ی ئەو سزایانەی لە بەرانبەر سەرپێچیی تەندروستی لە شتومەک و خۆراک وەردەگیرێن.
 
3- 25%ی ئەو سزایانەی بەپێی یاسای چاودێریی تەندروستی وەردەگیرێن.
 
4- 5%ی رسووماتی تۆمارکردنی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک و نوێکردنەوەی ساڵانەیان.
 
5- 5%ی سزاکانی سەرپێچیی هاتووچۆ.
 
6- ئەو یارمەتی و بەخشینانەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێشکێشی سندووقەکە دەکرێن.
 
7- ئەو بودجەیەی ساڵانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆی تەرخان دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاماژەدان بە چات جی پی تییەکی تەندروست.

بە فەرمی ChatGPTـیەکی تەندروستی دامەزرا

ژیریی دەستکرد لە بواری تەندروستی فراوان دەکرێت و چات جی پی تییەکی تەندروستی دامەزرا. مانگی یەکی ئەم ساڵ کۆمپانیای OpenAI ژیرییەکی دەستکردی بۆ پرسیار و بابەتە تەندروستی و پزیشکییەکان دانا، بەڵام هێشتا پسپۆڕان هۆشداری جیدی لەبارەیەوە دەدەن.