رووداو - تەندروستی
خوێندکارێکی ڤایرۆسزانیی گەردی رایدەگەیێنێت: نەخۆشیی هەوکردنی جگەر مەترسیدارە، چونکە زۆرجار نیشانەکانی لە کەسی تووشبوودا دەرناکەون تا ئەوکاتەی کە جگەریان تووشی رەقبوون و بەمۆمبوون دەبێت.
سیامەند ئەحمەد، خوێندکاری ماستەر لە ڤایرۆسزانیی گەردی دەڵێت: پێنج جۆری سـەرەکیی ڤایرۆس دەبنە هۆی نەخۆشیی هەوکردنی جگەر، ئەمانەن (A,B,C,D,E)، بەڵام جیاوازن لەڕووی شێوازی گواستنەوە و تووندیی نەخۆشی و بـڵاوبوونەوەیان بەپێی شوێنی جوگرافی و ماوەی مانەوەیان.
سیامەند ئەحمەد گوتی، ''ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر لە جۆری (B,C) لە باوترین هۆکاری گیان لەدەستدانن لە جیهاندا، ساڵانە دەبنە هۆی مردنی 1.3 ملیۆن کەس لە جیهاندا، تەنیا ئەم دوو جۆرەیان (B,C) دەبنە هۆی نەخۆشیی هەوکردنی جگەری درێژخایەن و دەکرێت تاوەکو چەند ساڵێک هیچ نیشانەیەک بەدیار ناکەوێت لە نەخۆشەکە، جۆرەکانی دیکەی (A,D,E) دەبنە هۆی نەخۆشیی هەوکردنی جگەری کورتخایەن و دەکرێت نیشانەکان لەماوەی دوو هەفتە بۆ شەش مانگ دەربکەون''.
بەگوتەی ئەو، تاوەکو ئێستا هیچ کوتاوێکی کارا بۆ جۆری (C) بەردەست نییە، بەڵام کوتاوی کارا بۆ جۆرەکانی تر هەیە.
رێگەکانی گواستنەوەیان؛
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پزیشکیی کەسی تووشبوو.
- دووبارە بەکارهێنانەوەی مووس و گوێزانی کەسێکی دیکە کە لە سەرتاشخانەکان زۆرە.
- تاتووکردن.
- لەدایکی دووگیانی تووشبوو بۆ کۆرپەلەکەی.
- بەرکەوتن بە شلەکانی جەستە.
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوو.
- گواستنەوەی خوێن.
- ئاو و خۆراکی پیسبوو.
نیشانەکان؛
- تا
- بێتاقەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
- هێڵنج و ڕشانەوە
- تۆخبوونی رەنگی میز
- گۆڕانی رەنگی پیسایی (کاڵ بوون)
- ئازاری جومگە
- زەردووی
- پەککەوتنی جگەر
- شێرپەنجەی جگەر
دەستنیشانکردن؛
- پشکنینی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی جۆری ڤایرۆسەکە.
- کردنی پشکنینی تیشکیی CT، سۆنەر، MRI و Fibroscan.
- وەرگرتنی نموونەیەک لە شانەی جگەر.
لە کۆتاییدا گوتی، چارەسەرکردن پشت دەبەستێت بە جۆری ڤایرۆسەکەوە؛ ئەگەر هەوکردنەکە هەوکردنی جگەری کورتخایەن بێت، پێویستی بەپشوودان و وەرگرتنی بڕی پێویست لە شلەمەنی هەیە، ئەگەر حاڵەتەکە درێژخایەن بێت پێویستی بە بەکاهێنانی دەرمان هەیە، یان چارەسەری دیکەی وەکو نەشتەرگەری، یاخود پێویستی بە گواستنەوەی جگەر دەبێت ئەگەر جگەری نەخۆشە تووشی بەمۆمبوون بووبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ