لە سۆران خانمێکی 17 ساڵ لە نەزۆکبوونی هەمیشەیی رزگار کرا

04-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری خانمێکی گەنج لە مەترسیی نەزۆکبوونی هەمیشەیی رزگار دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ''بە ئازارێکی زۆری سکی و بە بێهۆشی'' دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەکە و پزیشکان بۆیان دەردەکەوێت، گرێیەکی گەورە لە هێلکەدانی هەیە.
 
ئەمڕۆ شەممە 4-10-2025 د. هێرۆ مستەفا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون کە ئەو پزیشکەیە نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەم خانمە گەنجە کردووە، دەڵێت: تەمەنی 17 ساڵ بووە و دوای پشکنین دەرکەوتووە، گرێیەکی 10بە 8 سانتیمەتری لەسەر هێلکەدانی راستی هەبووە، لەکاتێکدا هێلکەدانی لای چەپیشی بە هەمان هۆکار پێش ساڵێک دەرهێنراوە.
 
د. هێرۆ مستەفا دەڵێت: گرێیەکە لە هێلکەدانی خانمەکە بە سەرکەوتووی دەرهێنرا و نەهێڵدرا زیان بە هێلکەدانەکەی بگات، چونکە بەتەواوی نەزۆک دەبوو، لەبەر ئەوەی یەک هێلکەدانی مابووەوە.
 
لەبارەی هەڵەی ئەو خانمە کە ژیانی خستووەتە مەترسییەوە د. هێرۆ مستەفا دەڵێت: ئەو کچە ئازاری هەبووە، بەڵام پشتگوێی خستووە و وایزانیوە ئازاری ریخۆڵەیەتی. تا ئەو کاتەی ئازارەکەی تووند بووە و مەترسیی خستووەتە سەر ژیانی.
 
پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، هەندێک لە کیسەکانی هێلکەدان نیشانەیان نییە و زۆرجاریش نەخۆش پێی وایە ئەو ئازارەی هەیەتی کاتییە و مەترسیی نییە، بۆیە دەڵێت: ''ناڕێکیی هۆڕمۆنەکان و تێکچوونی سووڕی مانگانە هۆکارن بۆ دروستبوونی کیس''، هەروەها بە پێویستیشی دەزانێت کە پشکنینی پێشوەختە بکرێت.
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی باس دەکات وەکو؛
 
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە