تەندروستی
کارمەندێک ئامادەکاری دەکات بۆ ژووری نەشتەرگەری. وێنە: تەنیا بۆ گوزارشت لە نەشتەرگەری دانراوە.
رووداو - تەندروستی
تیمێکی جیهانی لەلایەن رێکخراوێکی ناحکومی لە هەرێمی کوردستان دەهێندرێت و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەریی شێواویی سکماکیی لێو و مەڵاشوو بۆ منداڵان بە شێوەی ساڵانە دەکات، سەرۆکی رێکخراوەکەش رایدەگەیێنێت، خزمەتگوزارییەکان هەموو منداڵانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 4-10-2025 ئەڤین ئازاد خەلیفە، سەرۆکی رێکخراوی نازگ بۆ چارەسەری ناڕێکییە سکماکییەکانی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە ساڵێکە خەریکن هاوکاریی ئەو منداڵانە بکەن کە قڵیشی لێو و مەڵاشوویان هەیە و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە تاوەکو چارەسەر بکرێن. پزیشکێکی ئەندامیش دەڵێت: نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەی حکومی دەکرێن و خەرجییەکانی زۆرینەی منداڵان لەسەر ئەرکی (رێکخراوی نازگ)ـە.
ئەڤین ئازاد گوتی، خەرجیی نەشتەرگەری و چاودێریی چەندین منداڵیان گرتووەتە ئەستۆ بەتایبەت پێش و دوای نەشتەرگەریش پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکەن، تاوەکو بە باشترین کواڵیتی کێشە سکماکییەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت. گوتیشی ''دەمانەوێت (پشتگیریی راوێژکاریی پزیشکی، پشتگیریی دارایی و دابینکردنی پێداویستیی خۆراک و کەلوپەلی ژووری نەشتەرگەری لەگەڵ پاڵپشتیی خێزانی ئەو منداڵانە) لە ئەستۆ بگرین''.
هەر ئەمڕۆ د. ئاری زەنگەنە، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری و رێککاری کە ئەندامێکی لیژنەی پزیشکیی رێکخراوەکەیە بۆ نەشتەرگەرییەکانی ئەو منداڵانە بە رووداوی راگەیاند، ''بەشێکی زۆری منداڵەکان شێواویی لێو و مەڵاشوویان بەیەکەوە هەیە و دوای 10 هەفتە لە لەدایکبوونیان، نەشتەرگەریی لێویان بۆ دەکرێت، کاتێکیش بوونە 10 بۆ 12 مانگ ئینجا نەشتەرگەریی مەڵاشوویان بۆ دەکرێت''.
بەگوتەی د. ئاری زەنگەنە، نەشتەرگەرییەکانی ئەو منداڵانە لە نەخۆشخانەی سووتاوی و نەشتەرگەریی جوانکاری (ئیمێرجنسی) لە سەنتەری سومەرلاند لە سلێمانی کراون و ئەنجامێکی نایاب و ئومێدبەخشی بۆ دایک و باوکان هەبووە.
ئەوەشی دووپاتکردەوە، لەم پڕۆژەیەی ئەوان وەکو رێکخراوی نازگ، منداڵان شێوەیەکی باشتر و کواڵیتییەکی باشتریان بۆ گەڕاوەتەوە تاوەکو ئەو ناڕێکییە سکماکییەی هەیانە، چارەسەر ببێت. سەرۆکی رێکخراوەکەش لە کۆتاییدا دەڵێت، تیمێکی جیهانی دێننە هەرێمی کوردستان تاوەکو پۆلێنی منداڵانی تووشبووی قڵیشی لێو و مەڵاشووی سکماکی بکەن و نەشتەرگەرییان بۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ