لە کینیا نۆرینگەیەکی تایبەت بە چارەسەر بە ژەهری هەنگ کراوەتەوە

04-11-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دوو کەس هەنگیان پێوە دەنرێت بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەکان بە ژەهری هەنگ بۆ بکرێت. وێنە AP
دوو کەس هەنگیان پێوە دەنرێت بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەکان بە ژەهری هەنگ بۆ بکرێت. وێنە AP
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە کینیا نۆرینگەیەکی تایبەت بە چارەسەر بە ژەهری هەنگ کراوەتەوە و هاووڵاتییان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان پەنا بۆ ژەهری هەنگ دەبەن.
 
چارەسەر بە ژەهری هەنگ جۆرێکی پزیشکیی جێگرەوەیە و پزیشکێک دەڵێت: پێش ئەوەی چارەسەر بە ژەهری هەنگ بۆ هەر کەسێک بکەین، دەبێت دڵنیابین کە هیچ نەخۆشییەکی نەبێت.
 
نۆرینگەی بیلافارم ئەفریقا لە کینیا کراوەتەوە و تایبەتە بە چارەسەر بە ژەهری هەنگ، هەر کەسێک دێتە ئەو نۆرینگەیە، هەنگی پێوە دەنێن. پسپۆڕان ئەمە بۆ چارەسەری چەندان نەخۆشی بەکاردەهێنن.
 
ستیڤن کیمانی، پزیشک و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بیلافارم ئەفریقا دەڵێت: ''سەرەتا دەبێت نەخۆشەکان بناسین، هەندێک شت هەیە پێیان دەڵێین، سنووردانان، ئەگەر نەخۆشێک دووگیان بوو یاخود ئەندامێکی چاندراوی هەبوو، کاری لەسەر ناکەین، تەنانەت کار لەسەر ئەوانەش ناکەین کە بەرزەپەستانی خوێنیان هەیە''.
 
هەنگەکان بە هەڕەمەکی دانانرێن، بەڵکو لە شوێنی دیاریکراوی جەستەدا دادەنرێن، وەکو دەرزیی ئاژنین.
 
چارەسەر بە پێوەدانی هەنگ، جۆرێکی پزیشکیی جێگرەوەیە و بەکارهێنراوە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی (هەوکردن، لەرزۆکی، پارکینسن، هەوکردنی جومگە، لەبیرچوونەوە و ناڕێکییەکانی بەرگریی جەستە).
 
خانمێک نەخۆشییەکی پێستی هەبووە و دەڵێ، حەوتجارە دەچێتە ئەو سەنتەرە و گەستنی هەنگ چارەسەری کردووە.
 
رۆز موانگی، چارەسەرکراو بە گەستنی هەنگ دەڵێت: ''دەرمانە ئاساییەکانم بۆ نەخۆشییەکەم تاقیکردوونەتەوە، کاریان نەدەکرد، ستیڕۆیدەکان کاریگەریی لاوەکیی زۆریان لەسەرم هەبوو، کاتێک ئەم چارەسەرەم تاقیکردەوە، بۆماوەی حەوت جارە هاتوومەتەوە ئێرە و ئێستا پێشتم باشتر بووە، هیچ برینێکم نەماوە و دڵخۆشم کە پێستم ئاسایی بووەتەوە''.
 
بەگوتەی پسپۆڕان، تائێستا سوودی چارەسەر بە ژەهری هەنگ لە پزیشکیی مۆدێرندا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام هۆشداریش دەدرێت لەوەی کە نابێت بۆ هەموو کەسێک بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی هەستیارییان بە ژەهری هەنگ هەیە و دەبێتە کوشندە بۆیان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە