وەزارەتی تەندروستیی عێراق: 7 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە

05-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 50 کەس لە عێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون، کە 7 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئایاری 2025 دکتۆر ریاز حلفی، بەرێوەبەری گشتیی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە تای خوێنبەربوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لەسەرتاسەری عێراق 53 کەس تووشی تای خوێنەربوون بوون، کە 7 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە رایگەیاند، "ئەم نەخۆشییە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و زیاتر ئەو کەسانەش دەگرێتەوە لە کەرتی ئاژەڵداری کار دەکەن. گۆشتفرۆشەکانیش بە هەمان شێوە رووبەڕووی دەبنەوە. بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بەم نەخۆشییە، ئەوانەی مامەڵە بە ئاژەڵ و گۆشتی سوور دەکەن، پێویستە کەرەستە پێویستەکانی خۆپارێزی بەکاربهێنن وەک دەستکێش و دەمامک و چاویلکەی تایبەتی خۆپارێزی. پێویستە لە رێگەی دەرمانی لەنێوبردنی قڕکەرەکان، شوێنکارەکانیان پاک راگرن و خاوێنیان بکەنەوە. دەبێت نەخۆشخانەکانی ڤێتێرنەریش بەردەوام ئەم جۆرە رێکارانە جێبەجێ بکەن."
 
دکتۆر ریاز حلفی بە رووداوی گوت، "لیژنەی نیشتمانیی خۆپارێزی بە سەرۆکایەتیی وەزیری تەندروستیی و نوێنەرانی وەزارەتەکانی ژینگە و کشتوکاڵ، لایەنە ئەمنییەکان و راگەیاندنەکان دوو کۆبوونەوەیان کردووە. دوایین کۆبوونەوەی لیژنەکە رۆژی 21ـی نیسان بوو و تێیدا راسپاردەی زۆر دەرکرا بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی پەتاکە و گرتنەبەری هەنگاو و رێکاری پێشوەختە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاند، یەکێک لە بڕیارەکانی کۆبوونەوە دابینکردنی بودجەیەک بوو بۆ کڕینی دەرمان و چارەسەری پێویست بۆ لەنێوبردنی میکرۆب و مێرووە قڕکەرەکانی تایبەت بە تای خوێنبەربوون؛ هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان، بڕیاردرا رێگری لە سەربڕینی نایاسایی ئاژەڵەکان بکرێت کە بەشێک لە سەربڕەکان و گۆشتفرۆشەکان پێچەوانەی یاسا و رێنماییە تەندروستییەکان، ئاژەڵ سەردەبڕن.
 
وەکو دکتۆر ریاز حلفی ئاماژەی پێکرد، "رۆژی 27ی نیسان، راسپاردە و بڕیارەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکرانەوە بۆئەوەی پەسند بکرێن."
 
سەبارەت بە نیشانەکانی نەخۆشییەکەش ئەوەی خستەڕوو، سەرەتا نیشانەکان گشتین، وەکو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش و تووشبوون بە تا، رشانەوە، هەستکردن بە ماندووبوون و دوای چەند رۆژێک، خوێنبەربوون لە کۆئەندامی هەرس و هەندێکجاریش لە پێست روودەدات.
 
دکتۆر ریاز حلفی باسی لەوەش کرد، هەر کەسێک سەردانی نەخۆشخانە بکات و ئەم جۆرە نیشانانەی لێ ببینرێت و لە کەرتی ئاژەڵداری و گۆشتفرۆشی کاری کردبێت، نەخۆشخانە بە گومانلێکراو تۆماری دەکات؛ هەربۆیە دەستبەجێ خوێنی لێ وەردەگیرێت و لە تاقیگەی ناوەندی پشکنینی بۆ دەکرێت و تا دەرچوونی ئەنجامەکەش نەخۆشەکە بە توشبووی تای خوێنبەربوون هەژمار دەکرێت.
 
دکتۆر ریاز حلفی گوتیشی، "لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی عێراق دەرمان و چارەسەری پێویست بۆ تای خوێنبەربوون بەردەستە و سەرەتا بە پێدانی دەرمانی دژە ڤایرۆسەکان چارەسەری پێ دەدرێت و دواتر دەرمانی بەرگەی لەش."
 
بەرێوەبەری گشتیی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بەردەوامیان هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاماژەدان بە گەشتیاری پزیشکی. وێنە: Enmaya

جەنگ گەشتیاری پزیشکی 50٪ تاوەکو 75٪ لە هیندستان کەم کردووەتەوە

چەندین ساڵە، کەرتی بووژانەوەی ئابووری لەڕێگەی گەشتیاری پزیشکی لە هیندستان سەرکەوتوو بووە بەتایبەتی لەلایەن نەخۆشی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا خەریکە ئەو سەرکەوتنە نامێنێت و قازانجی کەرتەکەی لاواز کردووە.