رووداو - تەندروستی
مانگرتنی کارمەندانی تەندروستیی ئەمریکا دەستپێدەکات و کارمەندان داوادەکەن، مووچەکانیان زیادبکرێت و کارمەندی نوێ دابمەزرێن.
زیاتر لە 75 هەزار کارمەندی دامەزراوە تەندروستییەکانی ئەمریکا مانیان گرتووە و مانگرتنیەکەشیان سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەرماندۆ ڤێڵاسکۆ، کارمەندێکی تەندروستییە و دەڵێت: "لەگەڵ روودانی پەتای کۆڕۆنا، ئێمە چەندین کارمەندمان لەدەستدا و شوێنیان پڕ نەکراوەتەوە، ئەوان بە هەر هۆکارێک بێت کارەکەیان بەجێهێشت، ئێستا ئێمە لە لێوار داین، لە لێواری داڕووخانداین".
کارمەندان داوادەکەن، هەرچی زووە مووچەیان بۆ زیادبکرێت و کارمەندانی تەندروستی زیاتر بۆ نەخۆشخانەکان دابمەزرێن بۆ ئەوەی گوشاری سەر کارمەندەکان کەمتر ببێتەوە و ناچار نەبن رۆژانە بۆ ماوەیەکی زیاتر لەسەر کار بمێننەوە.
سکارلێس رۆکا، پەرستار دەڵێت: ''رۆژانە کارکردن بۆ ماوەی 12 کاژێر، هەر پەرستارێک 26 نەخۆشی بەردەکەوێت و ئەوەش شتێکی باش نییە و سەلامەتیش نییە بۆ پەرستاران لەگەڵ ئەو هەموو نەخۆشەدا بن''.
جگە لە پزیشکانی راوێژکار، هەریەک لە پزیشکانی ددان، دەرمانساز، پەرستار و کارمەندانی دیکەی نەخۆشخانەکان مانیان گرتووە.
ئەو مانگرتنەی کارمەندانی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە، گەورەترین مانگرتنی کارمەندانە کە تائێستا لە کەرتی تەندروستیی ئەمریکا روویدابێت و داوادەکەن کە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
دامەزراوە تەندروستییەکانیش بەڵێن دەدەن کە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 10 هەزار کارمەندی دیکە دادەمەزرێن، کارمەندانی تەندروستیش هەڕەشەی ئەوەش دەکەن ئەگەر داواکەیان جێبەجێ نەکرێت ئەوا بەردەوام دەبن لە مانگرتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ