رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کوردی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بووەتە ئەندامی لیژنەی زانستیی توێژینەوەکانی کۆنگرەیەکی جوانکاری و پزیشکیی دژەپیربوون (AMWC) لە فەرەنسا و دەڵێت، پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، بەرهەمەکانی جوانکاری بەجۆرێک بەکاربێن کە کەسی بەکارهێنەر دوای چەندین ساڵ پەشیمان نەبێت لە بەکارهێنانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5-10-2025 د. هێمن زەمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە شاری مۆناکۆی فەرەنساوە بە رووداوی راگەیاند، پسپۆڕانی پێست و جوانکاری لە جیهاندا لەسەر ئەوە کۆکن کە تاک هۆشیار بکرێتەوە لەوەی، بەرهەمی باش و رەسەن لە بەرهەمی ساختەی جوانکاری جیا بکاتەوە.
د. هێمن زەمان دەڵێت: وەکو یەکەم پزیشکی عێراق بە لیژنەی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکان دەستنیشانکرام، ئەم ساڵیش پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە لە نوێترین زانستەکان بۆ بایەخدان بە پێست و بەگەنجیمانەوەی پێست. تەنانەت چۆنیەتیی بەکارهێنانی مادە کیمیاییەکانیش تاوتوێکران کە بۆ بەهێزکردن و خزمەتکردنی قژن.
لەبارەی کۆنفرانسەکەوە گوتی، نێودەوڵەتییە و هەزاران پسپۆڕ و پزیشکی بواری جوانکاری تێیدا بەشدارن و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، کۆمپانیا پزیشکییەکانیش نوێترین ئامێرەکانی خۆیان تێدا نمایش دەکەن لە بوارەکانی بەهێزکردنی قژ و چارەسەرییەکانی بۆتۆکس و فیلەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ