رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی شیکاریی فراوان لەماوەی 28 ساڵدا دەریدەخات، جۆرێکی چەوریی بەسوود هەیە دەتوانێت هەستی تووڕەبوون کەم بکاتەوە و لە خۆراکەکانی رۆژانە و بە شێوەیە تەواوکەری خۆراکیش بەردەستە.
شیکارییە فراوانەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی پێنسیلڤانیا لە ئەمریکا کراوە و 29 تاقیکردنەوەیان هەڵسەنگاندووە، ئەوان ئاشکرای دەکەن، چەوریی ئۆمێگا سێ یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ کەمبوونەوەی هەستی تووڕەبوون.
ئەدریان رێین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: تووڕەبوون پەیوەندیی بە چەندان کاریگەری دیکەوە هەیە، بەڵام بۆمان دەرکەوتووە کە ئەگەر کەسێک رۆژانە بڕی پێویست ئۆمێگا سێ بخوات، ئەوا لە هەر بارودۆخێکدا بێت، هەستی تووڕەبوونی کەم دەبێتەوە.
هەرچەندە توێژینەوەکانی رابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە ئۆمێگا سێ دەتوانێت رێگری لە شیزۆفرینیا و تێکچوونە دەمارییەکان بدات، ئەم شیکارییەش ئەوەی پشتڕاستتر کردەوە کە دەکرێت بۆ ئاسوودەیی و هێمنی زیاتری دەروونی پشت بە ئۆمێگا سێ ببەسترێت.
رۆژانە چەند ئۆمێگا سێ بخورێت؟
بەپێی FDA، خانمان رۆژانە 1.1 گرام و پیاوانیش 1.6 گرام ئۆمێگا سێ بخۆن. هەروەها نابێت رۆژانە بەشێوەی تەواوکەری خۆراکی لە 5 هەزار میلیگرام زیاتر بخورێت.
بەگوێرەی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی، ئەم خۆراکانەی خوارەوە دەوڵەمەندن بە چەوریی ئۆمێگا 3؛
- گوێز
- ماسی
- لۆبیا
- رۆنی قەوزە
- کاڤیار
- تۆوی چیا
- پاقلەی سۆیا
- سپێناخ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ