رووداو - تەندروستی
بەریتانیا دووچاری قەیرانی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەبێتەوە و سەرۆکی کۆلێژی شاهانەی پزیشکیی فریاکەوتن لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، بەهۆی دواکەوتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و زۆریی نۆرەی بینینی پزیشک، هەفتانە زیاتر لە 500 کەس گیانلەدەستدەدەن.
ئادریان بۆیل، سەرۆکی کۆلێژی شاهانەی پزیشکیی فریاکەوتن لە بەریتانیا، زۆربوونی رێژەی گیانلەدەستدان دەگەڕێنێتەوە بۆ دواکەوتنی نەخۆشخانەکان، دواکەوتنی کاتی وەڵامدانەوەی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و کەمبوونەوەی ژمارەی کارمەندان.
قەیرانە پزیشکییەکانی بەریتانیا کاریگەری لەسەر کارکردن و خزمەتگوزارییەکانی NHSـی ناسراو بە خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا کردووە و بەگوێرەی ئامارەکانی NHS، مانگی رابردوو زیاتر لە 37 هەزار و 837 نەخۆش زیاتر لە 12 کاژێر چاوەڕێی راوێژی پزیشکیان کردووە بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانە بخەوێندرێن.
ستیڤن پۆیس، بەڕێوەبەری پزیشکانی NHS دەڵێت: زیاتر لە نۆ هەزار و 500 تەختی نەخۆشخانەکانی ئینگلاند بە تووشبووانی کۆرۆنا پڕبوون، هەروەها دەشڵێت: ''NHS بۆ بەریتانیا سەرچاوەیەکی نیشتمانیی تەندروستیی بەهێزبووە، بەڵام دوای سێ ساڵ لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکان، کارمەندان و پزیشکان ماندوودەبن و توانای دابینکردنی خواستیان نابێت.''
دکتۆر ئیان هیگینسۆن، پزیشکیی راوێژکاریی فریاکەوتن لە کۆلیژی شاهانە دەڵێت: ''قەیرانی خزمەتگوزاریی پزیشکی بەهۆی زۆربوونی تووشبووانی پەتاکان بەتایبەت ئەنفلەوەنزا و کۆرۆناوەیە، هاوکات رێژەیەکی زۆر لە تووشبووان روویان لە نەخۆشخانەکان کردووە،'' هەروەها دەشڵێت: هەموو زستانێک بەریتانیا دووچاری ئەم قەیرانە بووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمیی مووچە و ژمارەی کارمەندانی تەندروستیی بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە.
دکتۆر پیتەر نێڤڵ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو هۆکارێکی زیادبوونی خواست لەسەر راوێژی پزیشکی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆربوونی ژمارەی بەساڵاچووان و بێلانەکان لە وڵاتەکە و دەڵێت: ''نزیکەی 33%ـی تەختەکان پڕن لە نەخۆشانی گونجاو بۆ دەرچوون، بەجۆرێک لە هەر سێ تەختی نەخۆشخانە یەکێکیان لەلایەن ئەو نەخۆشانەوە داگیرکراوە کە تەندروستییان باشە و چاوەڕوانی چاودێریی کۆمەڵایەتیین یاخود هیچ شوێنێکیان نییە بۆئەوەی بچنەدەرەوە''.
دکتۆر سوزان هۆپکینز، سەرۆکی راوێژکاریی پزیشکی لە دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا دەڵێت: "لێشاوی ڤایرۆسەکانی کۆرۆنا، ئەنفلەوەنزا، ئۆمیکرۆن، RSV و نۆرۆڤایرۆس لە وەرزی زستاندا و کەمبوونەوەی بەرگریی جەستەی هاووڵاتییان بۆ ئەو ڤایرۆسانە هۆکارن بۆ زۆربوونی ژمارەی تووشبووان و پاڵەپەستۆی نەخۆشخانەکان.''
ڤیشال شارما، سەرۆکی لیژنەی راوێژکارانی دامەزراوەی پزیشکیی بەریتانیا یەکێکی دیکە لە هۆکاری قەیرانە تەندروستییەکانی بەریتانیا دەخاتەڕوو و دەڵێت: ماندوویێتی، کەمیی کارمەندی تەندروستی و ناڕێکی و کەمیی مووچەکانیان دۆخەکەی خراپترکردووە.
ئامارەکانی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری OECD دەریدەخەن، بەریتانیا لە ساڵی 2021 کەمترین ژمارەی تەختی نەخۆشخانەی هەبووە, بەجۆرێک لە هەزار کەس 2.5 تەختیان بەردەکەوێت و ئەمساڵیش رێژەکە زۆر کەمتربووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ