توێژەرێک: لەکاتی خۆڵبارین، گەڕەکەکانی باشووری رۆژئاوای هەولێر لە مەترسیدان

06-05-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
گەڕەکە مەترسیدارەکانی هەولێر لەکاتی خۆڵبارین - د. رێبین سەمەد
گەڕەکە مەترسیدارەکانی هەولێر لەکاتی خۆڵبارین - د. رێبین سەمەد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژەرێک و سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر ئەنجامی توێژینەوەیەکیان باس دەکات لەسەر خۆڵبارین و رایدەگەیێنێت، گەڕەکەکانی باشووری رۆژئاوای هەولێر زۆرترین کاریگەریی خۆڵبارینیان لەسەرە.
 
رۆژی دووشەممە 5-5-2025 لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، د. رێبین سەمەد، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر گوتی، ''ئەو گەڕەکانەی لە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێرن رێژەی خۆڵبارینیان زۆر چڕە. ئەو گەڕەکانەشی دەکەونە باکووری رۆژهەڵات خۆڵبارینەکە کەمترە''.
 
توێژینەوەکەی د. رێبین سەمەد لە ساڵی 2024 کراوە و ئامارەکانی دەستەی ژینگەی هەولێری بەکارهێناوە و پێشنیاز دەکات، پشتێنی سەوز لە شاری هەولێر لە باشووری رۆژئاواوە دەستپێبکات.
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC رێگە کاریگەرەکانی خۆپارێزی لەکاتی خۆڵبارین ئەمانەی خوارەوەن؛
 
- بەستنی دەمامک 
- هەناسەدان لەڕێگەی لووتەوە 
- داخستنی دەرگە و پەنجەرەکانی ماڵ 
- خواردنەوەی ئاو 
- شووشتنی دەستەکان پێش دەستدان لە دەم و چاو
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی لووت
- پاراستنی چاوەکان
- نەبەستنی هاوێنەی دەستکردی چاو 
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ
- هێواشبوون لەکاتی لێخوڕین 
 
هەر بەپێی CDC ئەمانەی خوارەوەش گرووپە مەترسیدارەکان بۆ کاریگەریی خۆڵبارین کە دەشێت خۆڵبارین تووشی کێشەی تەندروستییان بکات وەکو؛
 
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە 
- تووشبووانی رەبۆ و شێرپەنجە  
- منداڵ و بەساڵاچووان 
- خانمانی دووگیان 
- ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە 
- ئەوانەی هەستیارییان هەیە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە