وەزارەتی تەندروستی بەکارهێنانی نایترۆجینی شل لە بەرهەمە خۆراکییەکان قەدەخەدەکات

06-08-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی نایترۆجینی شلی لە خۆراکەکاندا قەدەخەکرد، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک دەڵێت: نایترۆجینی شل، زیان بە پێست و نێو دەم دەگەیێنێت. 
 
رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، د. ئاسۆ حەمید زەنگەنە، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی، بە رووداوی راگەیاند، نایترۆجینی شل بۆ نێو خۆراک زیانی تەندروستی هەیە، بەجۆرێک زیان بە ناوپۆشی دەم و پێست دەگەیێنێت. 
 
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە رووداوی گوت، هەرچەندە لە ساڵی 2020 بە بڕیاری دەستەی راوێژکاریی سەلامەتیی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی، لیژنەی بۆ پێکهێنراوە و دەستکراوە بە جێبەجێکردن، بەڵام دوای ئەوەی زانیومانە لە بەشێک لە ساردەمەنیی و خواردنگەکان هێشتا نایترۆجینی شل بەکاردەهێندرێت، بڕیارەکەیان دووبارە  پشتڕاستکردووەتەوە و لە راگەیێندراوێکدا مەترسییەکەیان خستووەتەڕوو.
 
بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، نایترۆجینی شل ئەگەر بەر پێست بکەوێت، دەبێتەهۆی برین و سووربوونەوەی شوێنەکە، هاوکات بەهۆی ساردییەکەیەوە دەکرێت زیان بە سوورێنچک و رێڕەوی هەناسە بگەیێنێت. 
 
بەپێی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکیش، نزمیی پلەی گەرمیی نایترۆجینی شل مەترسیداری پێدەبەخشێت و وادەکات لەکاتی بەرکەوتن بە پێست، شوێنەکە بسووتێت و برینداری بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە