رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر رایدەگەیێنێت، تەنیا لە مانگی رابردوودا 94 کەس سەگ و 13 کەسیش مار گەستوونی، بەرپرسێکی نەخۆشخانەکەش دەڵێت: درەنگهێنانی گەستراو بۆ فریاکەوتن، مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-8-2025 د. هاوڕێ کاوە، بەرپرسی بەشی دەرمان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی زۆری گەستراوانی سەگ و مار درەنگ دەهێندرێنە فریاکەوتنەکان، ئەمەش وادەکات مەترسی بکەوێتە سەر ژیانیان و چارەسەرەکانیان ئاڵۆز بێت.
د. هاوڕێ کاوە لەبارەی دەرمان و ڤاکسینی دژەهاری و پێوەدانی مار و دووپشک گوتی، بڕی تەواو لە نەخۆشخانەکە هەیە.
بەگوتەی د. هاوڕێ، زۆرینەی گەستراوانی سەگ کە لە بەشی سەرەوەی جەستەیان گەستراون مەترسیی زیاتر لەسەر ژیانیان هەیە، چونکە ئەگەر ئەو سەگە ڤایرۆسی هاری هەبووبێت، ئەوا بە خێرایی ڤایرۆسەکە دەگاتە مێشک و بڵاو دەبێتەوە، هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، لەکاتی گەستنی سەگ سەردانی فریاکەوتنەکان بکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی کەسەکە.
بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی رابردووی نەخۆشخانەکە؛ 94 گەستنی سەگ، 89 پێوەدانی دووپشک و 13 گەستنی مار تۆمار کراون.
ئامارەکانی ئەمساڵ لەو نەخۆشخانەیە بەم شێوەیەن؛
مانگی یەک
پێوەدانی دووپشک؛ 14 و گەستنی سەگ؛ 58
مانگی دوو
پێوەدانی دووپشک؛ 4 و گەستنی سەگ؛ 54
مانگی سێ
پێوەدانی دووپشک؛ 9 و گەستنی سەگ؛ 40
مانگی چوار
پێوەدانی دووپشک؛ 39 و گەستنی سەگ؛ 61
مانگی پێنج
پێوەدانی دووپشک؛ 39 و گەستنی سەگ؛ 46
مانگی شەش
پێوەدانی دووپشک؛ 43 و گەستنی سەگ؛ 61
بۆ پێوەدانی دووپشک
- شوێنی پێوەدان بشۆردرێت
- بەفری لەسەر دابنرێت
- شوێنەکە نەجووڵێندرێت
- ئازارشکێن بەکاربێت
- ژەهرەکە نەمژرێت
- شوێنەکە نەبەسترێت
کەسەکە ببرێت بۆ نەخۆشخانە لەکاتی
- سڕبوون
- گەشکە
- هەناسەتەنگی
- رشانەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ