لە کۆسۆڤۆ بە شێوەیەکی جیاواز پاڵپشتیی منداڵانی نەخۆش دەکرێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
کاتی چالاکییەکە. وێنە: AP
کاتی چالاکییەکە. وێنە: AP
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە نەخۆشخانەیەکی منداڵان لە شاری پریستینای کۆماری کۆسۆڤۆ چەند خۆبەخشێک جلوبەرگی پاڵەوانانی نێو فیلمەکانیان پۆشیوە و چوونەتە نەخۆشخانەکە، ئەوان دەیانەوێت ببنە خەمڕەوێنی منداڵە نەخۆشەکان.

ئامانجی چالاکییەکە ئەوەیە کە منداڵان دوور بخاتەوە لە بیرکردنەوە لە نەخۆشییەکەیان و دۆخی تەندروستییان. باوکی دوو منداڵی نەخۆشیش دەڵێ، منداڵەکان نەیاندەتوانی لەسەر جێیەکانیان هەڵبستن، بەڵام بەهۆی ئەم چالاکییەوە ورەیان هاتەوە بەر و هەستان و دڵیان خۆش بوو.
 
هەریەک لە خۆبەخشەکان بە پەت لەسەر نەخۆشخانەکەوە دێەنە خوارەوە و دیاری بۆ منداڵەکان دەبەن. ئەربانا بالۆکو، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری پریستینا دەڵێت: ''ئەوانە کارەکتەری قارەمان و ئازان کە منداڵان زۆریان خۆشدەوێن و بە تامەزرۆییەوە سەیریان دەکەن، ئەم ئەرکە رەنگە سادە دەربکەوێت، بەڵام بەڕاستی گەورەیە، چونکە ئەوە پێشانی منداڵان دەدات کە شتی باشیش دەکرێت لە نەخۆشخانەی منداڵان رووبدەن''.
 
هەریەک لەم منداڵانە بەدەست نەخۆشییەکەوە دەناڵێت و خۆیان و خێزانەکانیان پێی گیرۆدەن. چالاکیی لەم شێوەیەش کەمێک دووریان دەخاتەوە لە بیرکردنەوە لە نەخۆشییەکەیان و دۆخی تەندروستییان.
 
گرەیس رێکسهێپی، خۆبەخش دەڵێت: ''ئەمە بۆنەیەکی گەورەیە، یارمەتیدانی منداڵان پێویستە، بەتایبەت منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە، ئەمە بۆ من یەکەمجارە کە خۆشحاڵم لێرەم، دەتوانیت خۆشی و وروژاندنی منداڵان ببینیت کاتێک دیاری وەردەگرن''.
 
دایک و باوکانیش هاوشێوەی منداڵەکانیان، بە کارەکە دڵخۆشن و محەممەد سڤیرکا، باوکی دوو منداڵی نەخۆشە و دەڵێ، ''بەڕاستی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێش بوو، چونکە زۆربەی منداڵانی ئێرە نەیاندەتوانی لە جێگەکانیان هەڵبستن، لەبەر ئەوەی ژیناو و چارەسەریان بۆ دانراوە، بەڕاستی زۆربەی منداڵەکان دڵخۆش بوون''.
 
شێرپەنجە، ناڕێکییە سکماکییەکان و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان باوترین لەنێو منداڵان. کارکردن لەسەر لایەنی دەروونییان، بە چالاکی لەم شێوەیە، پاڵنەری سەرەکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە