هەموو شتێک لەبارەی شێرپەنجە؛ چی بکەین بۆئەوەی تووش نەبین؟

07-06-2022
ئازاد پیرچاوشی
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی تووشبووان بە جۆرەکانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە، بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، رۆژانە 15 تووشبووی نوێ تۆمار دەکرێن. بەپێى ئامارى نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێریش لە شەش مانگى رابردوودا 85 تووشبووی نوێ تۆمارکراون کە 65 لەوانە لە جۆرى شێرپەنجەى خوێن بوون. هەروەها لە دهۆکیش لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 264 تووشبووی نوێ تۆمارکراون.
 
نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی کە تایبەتە بە نەخۆشیی شێرپەنجە، رۆژانە 600 کەس بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەکەن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، "رۆژانە 15 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن،" دەشڵێت، "تووشبووەکان تەنیا دانیشتووی سلێمانی نین،"
 
دۆخى نەخۆشخانەکە لە رووى دەرمان و پێداویستیى پزیشکى بە رێژەى 25% بەراورد بە ساڵى رابردوو، دابەزیوە. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا بە رووداوی گوت، "رۆژانە 15 تووشبووی نوێ تۆماردەکرێن، ئەو ژمارەیەش تەنیا خەڵکی پارێزگای سلێمانی نیین، دەتوانین بڵێین تەنیا 10 تووشبوویان لە سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانن، ئەوانی دیکە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و نێوەڕاست و خوارووی عێراقن." 
 
لەبارەی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکەش لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا باسی لەوە کرد، "شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان وەک ژمارە زیادیکردووە، بەڵام لە ستاندارد دەرنەچووە، ئەو ئامارانەش لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتووان بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی رێژەی پشکنین و ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییەیە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، "نەخۆشخانەکە کە چارەسەری شێرپەنجە دەکات، 10 ساڵ لەمەوبەر رۆژانە 100 کەس سەردانی دەکرد، بەڵام ئێستا رۆژانە 600 کەس سەردانی دەکەن، لە ساڵی 2017 لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی دوو هەزار و 100 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە، بەڵام پار نزیکەی سێ هەزار حاڵەت هەبووە."

 

د. چنار سنجاوی، سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بەتایبەت لەنێو ئافرەتاندا لە بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجەن لە هەرێمی کوردستان. بە جۆرێک بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2021 رێژەی 19.8%ـی تووشبووان تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون."

 

لە هەولێریش دۆخی نەخۆشخانەی نانەکەلی وەک تاکە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە شارەکە، ئامارەکانی دڵخۆشکەر نین، بەپێى ئامارى ئەوان لە شەش مانگى رابردوودا 85 تووشبووی نوێ تۆمارکراون کە 65 لەوانە لە جۆرى شێرپەنجەى خوێن بوون و زۆرینەشیان هاونیشتمانیى سنوورەکەن. 
 
نەوشیروان سادق، پزیشکى پسپۆڕى شێرپەنجە لە نەخۆشخانەى نانەکەلى بە رووداوی راگەیاند، "دەبێت بە توێژینەوە هۆکارەکانى ئەو بەرزبوونەوە زۆرە دیاریى بکرێت، چونکە زۆربوونى شێرپەنجەى خوێن پێویستیى بەوەیە کە وردتر و روونتر لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێت."
 
هەرچی لەبارەی دهۆکە، هەرچەندە نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە نییە، بەڵام ئامارەکانی نەخۆشخانەی رزگاری لەبارەی شێرپەنجە دریدەخەن، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 264 تووشبووی نوێ تۆمارکراون، لەوانە 134 ژن و 130 پیاو. بەپێی ئامارەکە بەراورد بەهەمان سێ مانگی رابروو، ئامارەکە بەڕێژەی 10% زیادیکردووە.

 

ئاماری سێ ساڵی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان:
 
ساڵی 2019 لە هەموو هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و 831 تووشبووی نوێی شێرپەنجە هەبوون بە هەموو جۆرەکانییەوە.
 
ساڵی 2020 شەش هەزار و 293 تووشبوو لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، بەڕێژەی 18.5٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لەو ساڵەدا، تووشبووی شێرپەنجەی مەمک بوون کە دیارترین و بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە هەرێمی کوردستان.
 
تووشبووان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشببوون:
 
- هەولێر سێ هەزار و 50 کەس کە دەکاتە 48.4٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- سلێمانی دوو هەزار و 543 کەس کە دەکاتە 40.04٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- دهۆک 700 کەس کە دەکاتە 11.01٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان
 
هەروەها لە ساڵی 2021، حەوت هەزار و 908 تووشبوو بە هەموو جۆرەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.  
 
- هەولێر سێ هەزار و 808 کەس کە دەکاتە رێژەی 48.1٪ــی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- سلێمانی سێ هەزار و 80 کەس کە دەکاتە 38.9٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- دهۆک هەزار و 16 کەس کە دەکاتە 12.8٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
 
د. یاد نەقشبەندی باس لە گرفتی نەبوونی نەخۆشخانەی شیاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو ژمارەیە لە تووشبووان دەکات و دەڵێت: "دەبێت ساڵانە پەرە بەو پێداویستییانە بدرێت کە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە پێویستن، لەبەر ئەوەی ژمارەی تووشبووان زیادیانکردووە، نەخۆشخانەی هیوا لە ساڵی 2007 دامەزراوە، ئەوکات رۆژانە 100 کەس سەردانیکردووە، ئێستا هەمان نەخۆشخانە 600 کەس سەردانی دەکات و هەموو رۆژێ 15 حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێت، کەچی هەمان باڵەخانەیە".
 
شێرپەنجە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و لە زۆرینەی جۆرەکانیدا کوشندەیە، خانە شێرپەنجەییەکان بەوە ناسراون بەبێ کۆنتڕۆڵ دابەشدەبن و زۆردەبن، هەندێکیان ماددەگەلی شێوەی هۆڕمۆنی دەردەدەن و پێکهاتە و فرمانی جەستە تێکدەدەن، هەندێکیشیان کاتێک لە شوێنێکی جەستە دروستدەبن، خانەکانی نزیکی خۆیان داگیردەکەن و بڵاودەبنەوە. 
 
جۆرەکانی شێرپەنجە:
 
زیاتر لە 100 جۆری شێرپەنجە هەن کە دەتوانن هەموو بەشێکی جەستە بگرنەوە و بەپێی ئەو شوێن و خانەیەی سەرەتا لێی دەردەکەون، ناودەبرێن. شێرپەنجە بەپێی ئەو شوێنەی کە تێیدا دروستدەبێت، چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە و لە خانمان و پیاواندا جۆرەباوەکانی شێرپەنجە جیاوازن.

 

 
باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە خانمان:
 
باوترین ئەو جۆرانەی شێرپەنجەی کە لە خانماندا هەن یەک لەدوای یەک بریتین لە؛ شێرپەنجەی مەمک، سییەکان، گەدە، کۆڵۆن و ملی منداڵدان.
 
باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە پیاوان:
 
باوترین ئەو جۆرانەی شێرپەنجەی کە لە پیاواندا هەن یەک لەدوای یەک بریتین لە؛ شێرپەنجەی سییەکان، گەدە، جگەر، کۆڵۆن، رێکە و سورێنچک.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە:
 
زۆرجار تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە هیچ نیشانەیەکیان نابێت و تەنانەت نەخۆش هەست بە ئازار ناکات، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ درەنگ دەستنیشانکردنی زۆرینەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە و زۆرجار پزیشك لەکاتی پشکنینێکی رۆتینی یان گەڕان بەدوای نەخۆشییەکی دیکەدا، شێرپەنجە دەستنیشاندەکات.
 
ئەو نیشانانەی کە لە زۆرینەی تووشبووەکان دەردەکەون بریتین لە: سەرئێشە، رشانەوە، بێهێزی، دابەزینی کێش، خوێن بینین لە پیسایی یان لە میزدا، لە هەندێ حاڵەتدا نەخۆش هەست بە دروستبوونی گرێ دەکات و هەندێکجاریش گرێ لیمفاوییەکانی جەستە گەورەدەبن.
 
دیارترین هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە:
 
بەگوتەی پسپۆڕان، "پیسبوونی ژینگە، خواردنی ناتەندروست، قەڵەوی، وەرزشنەکردن و جگەرەکێشان" لە دیارترین هۆکارەکانی تووشبوونن بە نەخۆشییەکە.
 
هێڵەکانی چارەسەری شێرپەنجە بەمشێوەیەیە:
 
- دەرمان
- چارەسەری کیمیایی
- چارەسەر بە تیشک
- چارەسەری بایۆلۆژی
- چارەسەری هۆڕمۆنی
- چارەسەری بەرگری

 

تووشبوویەکی شێرپەنجە: دەرزییەکەم لە نەخۆشخانەی هیوا نەماوە و دەبێت بە سێ هەزار دۆلار بیکڕم

 

شێرپەنجە رووخۆش یاسینی 38 ساڵانی هەر بە گەنجی پەکخستووە، ئەو پێنج ساڵە تووشی شێرپەنجە بووە، دایکی دوو کوڕ و دوو کچە و تاوەکو ئێستا هەشت نەشتەرگەری بۆ کراوە. پزیشکەکانی وەک دوایین چارەسەر 12 دەرزیان بۆ نووسیوە، بەڵام تەنیا پێنج دەرزی وەرگرتووە و ئەوانی دیکەی لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی نەماون، لە دەرەوەش نرخەکەیان سێ هەزار دۆلارە.
 
رووخۆش یاسین بە رووداوی گوت، "زۆر ناڕەحەتم بۆ قاچم، خزمەکانم دێن یارمەتم دەدەن، توانای ئەوەم نەماوە ئیشوکار بکەم، داواکاریم ئەوەیە ئەم دەرزییانەم بۆ پەیدابکەن، دکتۆرەکان پێم دەڵێن، قاچت دەبڕێتەوە، ئەگەر ئەو دەرزییانە بەکارنەهێنی لەبەرئەوەی نەخۆشییەکە لە دوو شوێندا بڵاوبووەتەوە."
 
نەریمان محەممەد، پێشمەرگەیە و دانیشتووی خانەقینە، ئۆتۆمبێل و خانووەکەی بۆ چارەسەری رووخۆشی هاوژینی فرۆشتووە، بە رووداوی گوت، "هەموو 21 رۆژ جارێک، دەبێت من سێ هەزار دۆلار بدەمە دەرزی، پەیدانابێت، من خۆم کابرایە پێشمەرگەم، پێڕاناگەم، مانگانە کرێ خانوو بدەم، خەرجیی ماڵ بکەم؟ لە مانگێکدا هیچ نەکەم دەبێت چوار بۆ پێنج فەحسی بۆ بکەم، جگە لە دەرزییەکە 400 هەزار بۆ 500 هەزار دەدەم بە پشکنین و سیتی سکان و سۆنەر."

 

بۆ دابینکردنی ئەو دەرزییەی رووخۆش و نەخۆشەکانی دیکەی وەکو ئەو پێویستیان پێیەتی کە ناوی (پێمبرۆلیزوماب - pembrolizumab)ـە، مانگانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بە 700 ملیۆن دینارە، کۆی بودجەی پێویستیش بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە مانگانە زیاترە لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە