توێژینەوەیەکی نێوخۆیی: 6.3٪ـی خوێندکاری زانکۆکان لە شێوەی جەستەی خۆیان ناڕازین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژەرێکی زانکۆی سلێمانی لە ماستەرنامەکەیدا توێژینەوەی لەسەر دیاردەی شڵەژانی شێواویی جەستەیی لەنێو خوێندکارانی زانکۆ کردووە و دەریدەخات، 6.3٪ـی خوێندکاری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیەیان هەیە و ناڕازین لە شێوەی جەستەی خۆیان.
 
ئەمڕۆ شەممە 27-12-2025 تابلۆ هاوڕێ، پسپۆڕی دەروونناسی لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە توێژینەوەکەدا هەموو خوێندکارانی بەشی باخچەی منداڵان لە کۆلێژەکانی پەروەدەی بنەڕەتی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداربوون (جگە لە زانکۆی دهۆک) کە ژمارەیان 1202 خوێندکار بوو.
 
تابلۆ هاوڕێ دەڵێت: بۆمان دەرکەوت کە 6.3٪ـی خوێندکاران دیاردەی شڵەژانی شێواویی جەستەیی (Body dysmorphic disorder)ـیان هەبوو، بەهۆشییەوە 4.3٪ـیان تووشی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بووبوون.
 
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، زۆرترین ئەوانەی دیاردەکەیان هەبووە، خوێندکارانی قۆناخی یەکەم و چوارەم بوون و ئەوانەش بوون کە لە زانکۆی سلێمانین بەراورد بە خوێندکارانی زانکۆکانی (سەڵاحەدین، راپەڕین، هەڵەبجە و گەرمیان).
 
دیاردەی شڵەژانی شێواویی جەستەیی چییە؟
 
بەگوتەی تابلۆ هاوڕێ، ئەوەی ئەو دیاردەیەی هەیە وا هەست دەکات کەموکورتییەک لە جەستەیدا هەیە و دوودڵە لە شێوەی ئەندامەکانی جەستەی، تەنانەت زۆرێکیان نازانن ئەو دۆخە دەروونییەیان هەیە و دەچن نەشتەرگەریی جوانکاری دەکەن، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەکەش هەر رازی نین بە ئەنجامەکەی، چونکە کەسەکە جەستەی کێشەی نییە، بەڵکو لەڕووی دەروونییەوە کێشەی هەیە.
 
یاخود کەسێک پێی وایە و وا هەست دەکات کە قەڵەوە یان لاوازە، لەکاتێکدا لەچاو کەسانی دیکە ئاساییە و جەستەی رێکە.
 
''پێویستە پێش بڕیاردان بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری، پسپۆڕێکی دەروونی ببیندرێت''
 
تابلۆ هاوڕێ، پسپۆڕی دەروونناسی لەم توێژینەوەیەیدا بۆی دەرکەوتووە، بەشێکی زۆری نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دەکرێت بە راوێژی دەروونی نەکرێن، چونکە دەشێت هۆکارەکە دەروونی بێت و جەستەی کەسەکە کێشەی نەبێت. هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، پێش بڕیاردان بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری، پسپۆڕێکی دەروونی ببیندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە