رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، لە جیهاندا لە هەر کاژێرێکدا زیاتر لە هەزار کەس بەهۆی جەڵتەی دڵ و مێشکەوە گیان لەدەستدەدەن. هۆکاری جەڵتەکانیش باس دەکات.
راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دەریدەخات، ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن و 700 هەزار کەس بەهۆی جەڵتەی دڵ و مێشکەوە گیان لەدەستدەدەن، زۆرینەیان ئەوانەن کە درەنگ گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و نیشانەکانیان پشتگوێ خستووە.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە، باوترین هۆکار بۆ جەڵتە بەرزەپەستانی خوێنە بەتایبەت ئەوانەی کە بە نەخۆشییەکە نازانن، چونکە پشکنینی پێشوەختەیان نەکردووە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شێوازی ژیانی تەندروست واتە؛ پەیڕەوکردنی رێچکەیەکی تەندروستی ژیان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکان و مردنی لەناکاو، هەرچەندە زۆرینەی نەخۆشییەکان ناتواندرێن رێگرییان لێبکرێت، بەڵام مەبەست لێی پێشگیریکردنە لە زۆرینەیان.
بە پێی WHO ئامانەی خوارەوە شێوازی ژیانی تەندروستن؛
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون
نیشانە باوەکانی جەڵتەی مێشک
- لاوازی و سڕبوونی رووخسار، قۆڵ و قاچ کە زۆرجار لە لایەکی جەستە روودەدات.
- سەرلێشێواوی و قورسی لە قسەکردن و تێگەیشتن.
- لێڵبوونی بینین.
- ئاستەنگیی بەپێ رۆیشتن، سەرسووڕان و لەدەستدانی هاوسەنگی.
- سەرئێشەی تووند.
- بوورانەوە و بێئاگابوون.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سینگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ