رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئامارێکی مەترسیدار لەبارەی پەلاماری سەگی بەڕەڵڵا بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، ساڵی رابردوو 50 هەزار حاڵەتی گازگرتنی سەگ تۆمار کراوە، 19 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هاوکات، لە بەغدا نزیکەی 20 هەزار سەگ لەنێوبراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پار نزیکەی 50 هەزار رووداوی گازگرتنی سەگ لە سەرانسەری عێراق تۆمار کران، کە بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەکان و تووشبوون بە نەخۆشیی هاری، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە."
چارەسەرکردن و لەنێوبردن
سەبارەت بە رۆڵی وەزارەتی تەندروستی، سەیف بەدر گوتی، "رۆڵی ئێمە تەنیا دەستنیشانکردن، چارەسەرکردن و چاودێریکردنی تەندروستیی تووشبووانە." ئاماژەی بەوەش کرد، کۆنترۆڵکردنی دیاردەکە لە دەسەڵاتی پارێزگاکاندایە و لیژنەی هاوبەش لەنێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، شارەوانی، ناوخۆ و تەندروستی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە.
عودەی جەندیل، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی بەغدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو تەنیا لە ماوەی 11 مانگدا لە رێگەی 1523 هەڵمەتەوە، 19 هەزار و 325 سەگی بەڕەڵڵایان بە "تفەنگی تاپڕ" لەنێوبردووە.
جەندیل هۆکاری کوشتنی سەگەکانی بۆ "نەبوونی شێڵتەر" لە بەغدا گەڕاندەوە.
مەترسییەکانی نەخۆشیی هاری
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی تووند دەدات لەوەی گازگرتنی سەگ تەنیا برینداربوونێکی سادە نییە، بەڵکو دەکرێت بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەوە مەترسیی گەورە دروست بکات و دەڵێت، "نەخۆشیی هاری کوشندەیە؛ هەرچەندە شوێنی گازگرتنەکە لە سەر و دەموچاو بێت، مەترسییەکە گەورەتر دەبێت، بۆیە دەبێت بە زووترین کات ڤاکسین وەربگیرێت."
رێنوێنییە پزیشکییەکان
وەزارەتی تەندروستی چەند رێنوێنییەکی بۆ هاونیشتمانییان بڵاوکردووەتەوە لەکاتی گازگرتنی سەگدا:
- شوشتنی برینەکە بە ئاوی شلەتێن و سابوون بۆ ماوەی 10 خولەک.
- راگرتنی خوێنبەربوون بە پارچە قوماشێکی پاک.
- سەردانیکردنی دەستبەجێی نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی (هاری و گزاز).
گازگرتنی سەگ چییە؟
گازگرتنی سەگ (Dog Bite)، بریتییە لەو برینەی کە بەهۆی ددانەکانی سەگەوە لەسەر جەستە دروست دەبێت. برینەکە دەکرێت رووشانێکی سادە بێت یان برینێکی قووڵ، کە زیان بە ماسولکە، دەمار و ئێسک بگەیێنێت. گەورەترین مەترسیی گازگرتنی سەگ، گواستنەوەی نەخۆشیی هاری (Rabies) و گزاز (Tetanus)ە.
نیشانەکانی گازگرتنی سەگ
نیشانەکان بەپێی قووڵیی برینەکە دەگۆڕێن:
نیشانە سەرەتاییەکان:
دەرکەوتنی شوێنی ددانەکان لەسەر پێست.
خوێنبەربوون (کەم یان زۆر).
ئازار و سووربوونەوە لە شوێنی برینەکە.
نیشانەکانی هەوکردن:
ئەگەر برینەکە پشتگوێ بخرێت، دوای چەند کاژێرێک یان رۆژێک ئەم نیشانانە دەردەکەون:
هەڵئاوسانی زۆری شوێنەکە.
دەرچوونی کێم لە برینەکە.
هەستکردن بە گەرمییەکی زۆر لە دەوروبەری برینەکە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە (تاوەکو) و لەرز.
سڕبوونی شوێنی گازگرتنەکە.
کەی دۆخەکە مەترسیدارە؟
لەم دۆخانەی خوارەوەدا بەبێ دواکەوتن سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بکە:
ئەگەر خوێنبەربوونەکە نەوەستا.
ئەگەر برینەکە زۆر قووڵ بوو یان ئێسک دیار بوو.
ئەگەر سەگەکە نیشانەی توندوتیژی یان کەفی دەمی هەبوو (نیشانەی هاری).
ئەگەر کەسی بریندار نەخۆشیی شەکرە یان کەمیی بەرگریی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ