پسپۆڕێکی قورگ و لووت و گوێ رێنمایی بۆ کەمکردنەوەی پرخە دەخاتەڕوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی قورگ و لووت و گوێ رایدەگەیێنێت، نزیکەی 40-50%ی خەڵکی کێشەی پرخەکردنیان هەیە، پرخەکردن لە پیاواندا زیاترە.
 
ئەمڕۆ شەممە 7-2-2026 د. عومەر شێرکۆ پسپۆڕی نەشتەرگەریی قورگ و لووت و گوێ لە بوڵتەنی تەندروستی گوتی، خەوتن لەسەر پشت پرخەکردن زیاد دەکات، چونکە دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی رێڕەوی هەناسە، هەروەها جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان، خواردنەوە کحولییەکان و خۆراکی ناتەندروست هۆکارن بۆ زیادبوونی پرخەکردن.
 
بۆ چارەسەرکردنی پرخەکردن، د. عومەر شێرکۆ گۆڕینی شێوازی ژیان بە گرنگ دەزانێت وەک خەوتن لەسەر لایەکی جەستە، دابەزاندنی کێش و دوورکەوتنەوە لە خواردن پێش نووستن.
 
د. عومەر شێرکۆ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر کەسێک دوای ماوەیەکی باش لە خەو هەستا و هەستی بە تێرخەوی نەکرد، ئەوا نیشانەی نەخۆشییە و پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
 
سەبارەت بە منداڵان، د. عومەر شێرکۆ دەڵێت، پرخە لە منداڵدا کاریگەری لەسەر شێوەی دەموچاو و ددانی دەکات و هۆکارەکەشی لە 90%ی حاڵەتەکاندا بۆ گۆشتی زیادەی پشتی لووت دەگەڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە