تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی: یەکێک لەوانەی تووشبووە ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵە و خوشکی تووشبووەکەی دوێنێی شاری هەولێرە کە لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە
رووداو - هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی سێ کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند کە دووانیان لە سلێمانییە و یەکێکی دیکەش لە هەولێرە، بەمەش ژمارەی تووشبووان بۆ 13 کەس بەرزبووەوە کە یەکێک لەوانە گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دوایین ئاماری کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە کەرەنتینەکان بوون دوو هەزار و 918 هاووڵاتین لە 31 شوێنی جیاواز. ئێستا تەنها هەزار و 128 هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و هەزار و 790 هاووڵاتی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی 14 رۆژ.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لەماوەی 24 کاژێری رابردوو پشکنین بۆ 56 گۆمانلێکراو ئەنجامدرا: لە هەولێر 37، سلێمانی 18 و دهۆك 1 کەس کە لە نێویاندا 3 نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 یە.
یەکێک لەوانەی تووشبووە ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵە و خوشکی تووشبووەکەی دوێنێی شاری هەولێرە کە لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە لە کەرەنتین دانرابوو. دوو تووشبووەکەی دیکە پیاون و یەکێکیان تەمەن 53 ساڵە و لە ئێران گەڕاوەتەوە و کەرەنتین کرابوو ئەوەی دیکەیان 52 ساڵ بەرکەوتووی تووشبووەکەی شاری سلێمانی بوو کە گیانی لەدەستداوە.
ئێستا ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان 13 کەسە کە 10 کەسیان لە سلێمانییە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش چاکبووەتەوە. هەروەها لە هەولێر تاوەکو ئێستا 3 کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تاوەکو ئێستا 51 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەنێویاندا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش چاکبوونەتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە جیهاندا و زۆربوونی ژمارەی تووشبووان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی وڵاتی ئێران کە سنوورێکی بەرفراوانی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی ژمارەی هەڵگرانی ئەم نەخۆشیە. وەزارەتی تەندروستی بۆ گەڕان و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی دامودەزگاکان و تیمەکانی تەندروستی ڕۆژانە بەردەوامن بەمەش :
1. ژمارەی هاووڵاتیان کە لە کەرەنتینەکان بوون 2918 هاووڵاتین لە 31 شوێنی جیاواز کە لە ئێستادا تەنها 1128 هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و 1790 هاووڵاتی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی 14 رۆژ بوو.
2. لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو پشکنین بۆ (٥٦) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا، هەولێر (٣٧)، سلێمانی (١٨)، دهۆك (١). کە لە نێویاندا (٣) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 یە، کە یەکێکیان ئافرەتێكی تەمەن (٥٢) ساڵە و خوشکی تووشبووەکەی دوێنێی شاری هەولێرە لە ووڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە لە کەرەنتین دانرابوون، دوو تووشبووەکەی تر پیاون و یەکێکیان تەمەن (٥٣ ساڵ) لە ووڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە و کەرەنتین کرابوو ئەوەی دیکەیان ( ٥٢ ساڵ) بەرکەوتووی تووشبووەکەی شاری سلێمان بوو کە گیانی سپارد.
3. کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (١٣) حالەتە لەنێویاندا (١) مردن هەیە و (١) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە وە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان و باری تەندروستیان لە ئێستادا جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی دووپاتیدەکاتەوە پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن بەتایبەتی دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەلەبالغ و کەمترین بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە و زوو زوو و بەردەوام دەست شوشتنی تەندروست لەگەڵ پەیوەندی کردن بە هێلی گەرمی ژمارە (١٢٢) لە کاتی پێویستدا.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٨ی ئازاری٢٠٢٠
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ