رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی خەڵکی دهۆک دەرمانێکی دروستکردووە کە بە رێژەی 95٪ خانەی شێرپەنجەی منداڵدان لەنێودەبات، هەروەها یەکەمجارە ناوی کوردستان لەسەر لێکۆڵینەوەکەی دەنووسرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، د. هەژمەت عەبدولخالق، مامۆستای کۆلێژی پزیشکیی گشتیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکەمجارە لەسەر ئاستی جیهان رووەکێک بەناوی (Centrapalus paucifloris) ناسراو بە (CCF) دۆزراوەتەوە و لەسەر چەندین جۆری شێرپەنجە تاقیکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە 95٪ـی خانەی شێرپەنجەی منداڵدان HPV-18 لەنێودەبات".
وەکو ئەو پزیشکە دەڵێت، وەزارەتی داهێنان و زانیاریی هەنگاریا دوو جار پاڵپشتیی ئەویان کردووە، یەکەمجار لە بواری کیمیایی دا و دووەمجاریش لە دۆزینەوەی ئەم رووەکە کە بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوەکە ناونرا کوردستان.
د. هەژمەت عەبدولخالق باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەی سەرەکیی لەسەر نەکراوە، چونکە پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە، ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی 2020 دەستیپێکردووە و لە کۆتاییەکانی 2023 تەواو بووە، بەڵام ئەمساڵ بە نووسراو خرایەڕوو.
بۆ دۆزینەوەی هەر دەرمانێک، سەرەتا بیرۆکەکە لە تاقیگە کاری لەسەر دەکرێت، تاوەکو بزانرێت کاریگەرە یاخود نا. ئەگەر ئەنجامێکی باشی هەبوو دەچێتە قۆناخی دووەم ئەویش بەکارهێنانی ئاژەڵێک یان چەند ئاژەڵێک دەبێت بەرهەمە خامەکەیان لەسەر تاقیبکرێتەوە. ئەگەر لەسەر ئەوانیش ئەنجامی باشی هەبوو دەچێتە قۆناخی دواتر، ئەویش بریتییە لە تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ کە سێ قۆناخ لەخۆدەگرێت؛
1- سەرەتا تاقیکردنەوە لەسەر ژمارەیەکی کەم مرۆڤ دەکرێت.
2- ئەگەر ئەنجامی باش نەبوو رادەگیرێت، ئەگەر ئەنجامی باشیشی هەبوو ژمارەکە زیاد دەکرێت.
3- ئەگەر ئەنجام باش نەبوو، هەوڵی زیاتری لەگەڵ دەدرێت، ئەگەر ئەنجامیش دیسان باش بوو ئەمجارە ژمارەیەکی زۆر بەرزی مرۆڤ بە پێوەر و ستانداردی تایبەت دەخرێنە نێو تاقیکردنەوەکانی توێژینەکەوە.
پاشان بە چەندین فلتەری زانستیی ورد لە دامەزراوە پزیشکییە جیهانییەکان تێدەپەڕێت، ئەگەر لە هەموو تاقیکردنەوەکان دەرچوو، ئینجا بە رێکاری ورد و تایبەت رێگە بە بەرهەمهێنانی دەدرێت وەکو دەرمان.
بەشێوەیەکی گشتی هەر دەرمانێک 10 بۆ 30 ساڵی پێویستە تا دەگاتە قۆناخی بەرهەمهێنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ