رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری کوشتارگەری هاوچەرخی سلێمانی رایدەگەیێنێت، رێکارە تەندروستییەکان بە تووندی جێبەجێ دەکرێن و هەر ئاژەڵێک گومانی لەسەر بێت، لاشەکەی بە زانستی لەنێو دەبردرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 25-5-2026 کە دوو رۆژی ماوە بۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان د. شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەری هاوچەرخی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ وەرگرتنی قوربانییەکان و هەموو مەرجەکان بە تەواوی جێبەجێ کراون.
د. شاڵاو عارف دەڵێت: تاکە شوێن بۆ سەربڕینی ئاژەڵ، کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانییە و ئەمەش لەپێناو ئەوەیە کە هەم ژینگە پیس نەبێت و هەمیش نەخۆشی نەگوازرێتەوە.
بەگوتەی د. شاڵاو، لەماوەی پێنج رۆژی بەر لە جەژن هەزار بۆ هەزار و 500 ئاژەڵ سەریان بڕدراوە.
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟
* ئەو ئاژەڵانە هەڵبژێرە کە گەنە، مێش و مەگەزیان پێوە نییە.
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەورەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت.
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت.
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت.
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت.
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نیو کیسە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن.
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت.
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ