رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، کە ماوەی 10 رۆژ بوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان خەوێنرابوو.
تەها محەممەد، گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە پیاوە و تەمەنی 63 ساڵە، دانیشتووی ناحیەی حاجیاوایە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و پێشتریش نەخۆشیی دڵی هەبووە.
بە گیانلەدەستدانی ئەو تووشبووەی کۆرۆنا، ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین گەیشتە 10 کەس. پێشتریش پێنج ئافرەت و چوار پیاوی دیکە گیانیان لەدەستدابوو. گوتەبێژی فەرمانگەی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: ئێستا تەنیا 17 تووشبووی کۆرۆنا لە سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکانی راپەڕین لە رانیە ماون، بەشێکیان تەندروستییان خراپە و لەژێر چاودێری و ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان.
تاوەکو ئێستا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 287 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 104 کەسیان لە رەگەزی نێرن و 176 کەسی دیکەش لە رەگەزی مێن. لەنێویاندا حەوت منداڵ هەن. هەروەها دوو هەزار و 11 پشکنین کراون و تاوەکو ئێستاش 58 کەس چاکبوونەتەوە.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەشت هەزار و 134 کەس تووشی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیە دوو هەزار و 868 کەس چاکبوونەتەوە و 271 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئێستا چوار هەزار و 995 کەس لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا هەن.
تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار و 741 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە هەزار و 372 کەس چاکبوونەتەوە و 229 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ