رووداو - تەندروستی
نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان گوشارێکی زۆر لەنێو نەخۆشخانەکاندا هەیە و ئەمەش زیاتر بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەکانی فریاکەوتنەوەیە. وەزیری تەندروستیش دەڵێ، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە هاوکاریکردنی بەشەکانی فریاکەوتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-4-2026 د. جەمیلە ئەلڕابی، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوە ناحکومییەکان و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند، زیادبوونی حاڵەتەکانی برینداربوون و فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان وایان کردووە گوشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکان و کەرتی تەندروستیدا دروستببێت.
د. جەمیلە ئەلڕابی ئەو گوشارە بە هۆکارێک دادەنێت بۆ تێکچوونی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتیی نەخۆش و هاوەڵەکانیان لەنێو سیستمی تەندروستیدا بەتایبەت کەمیی پێداویستییەکان و ناڕێکی لە رەوانەکردنی نەخۆش.
نوێنەرەکەی WHO ئەوەش باس دەکات ''ئێمە هانی هەموو هاوبەشەکان دەدەین کە لەژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی تەندروستیدا کارەکانیان رێک بخەن، بۆ دڵنیابوون لە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەکاتی خۆیدا. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە تەواوی پابەند دەمێنێتەوە بە پشتیوانیکردن و هاوئاهەنگیکردن بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەریی فریاکەوتن و دۆخەکانی فریاگوزاری بۆ هاوبەشی لەگەڵ هەموو هاوبەشە گەشەپێدەرەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان''.
هاوکات د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ لەم کۆبوونەوە هاوبەشەی نێوان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و WHO و هەندێک لە رێکخراوە نێوخۆییەکان دەرەنجامە بۆ ئامادەکاری و دابینکردنی پێداویستی لەم کاتەی ئێستا.
هەر بۆیە د. سامان بەرزنجی دەڵێت: دوێنێ واژۆی رێککەوتنێکمان کرد لەگەڵ یەکێک لە رێکخراوەکانی MSFـی بەلجیکی بە بڕی زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار کە دابینکردنی پێداویستی و بەرزکردنەوەی توانای مرۆییە لە بەشەکانی فریاکەوتنی (کۆیە، رانیە و قەڵادزێ).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ