رووداو - تەندروستی
ژمارەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون لە نەخۆشخانە حکومییەکان زۆرە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی ئاشکرای دەکات، زۆرینەی ئەو خانمانە دووەم و سێیەم نەشتەرگەرییان لەلای ئەوانەوە بۆ دەکرێت، چونکە لە نەخۆشخانەی تایبەت منداڵی یەکەمیان بە نەشتەرگەری بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئابی 2024 د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی بە رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا مەرجەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانە تایبەتەکان کۆنتڕۆڵنەکراون و زۆرینەیان بەبێ سنوور نەشتەرگەری بۆ خانمان دەکەن، ئەمەشی بە هۆکاری زۆریی ژمارەی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون دانا.
د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی روونی دەکاتەوە، بەشێکی زۆری نەخۆشخانە تایبەتییەکان ژووری منداڵبوونی سرووشتیان نییە، کە ئەمە وادەکات خانمان زیاتر پەنا ببەنە بەر نەشتەرگەریی منداڵبوون.
د. شلێر فایەق دەڵێت: ''هەر خانمێک منداڵی یەکەمی بە نەشتەرگەری ببێت، ئەوا 50٪ چانسی منداڵبوونی سرووشتی بۆ منداڵی داهاتووی لەدەستدەدات''، تەنانەت دەشڵێت: ''ئەو خانمانەی منداڵی یەکەمیان بە نەشتەرگەری بووە کە دێنە نەخۆشخانەکەیان، تاوەکو هەفتەی 40ـی دووگیانی چاوەڕێدەکەن، ئەگەر هەر نەیبوو ئینجا بڕیاری نەشتەرگەری بۆ دەدەن''.
بە گوتەی د. شلێر فایەق، هەر خانمێک زیاتر لە جارێک بە نەشتەرگەری منداڵی ببێت، ئەوا هەلی منداڵبوونی سرووشتی لەدەستدەدات و پێویستدەکات کە لەپێش کاتی ژانگرتن نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ بکرێت، ئەگەرنا منداڵدانی دەتەقێت.
ئەو پسپۆڕە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی نەشتەرگەرییەکانی منداڵبوون بۆ تەمەنی بچووکی دایکان گەڕاندەوە کە کەمتر بەرگەی ئازاری منداڵبوون دەگرن.
ژانی دەستکرد بۆ کێ دەکرێت؟
د. شلێر فایەق دەڵێت: ''ژانی دەستکرد بۆ ئەوانە دەکرێت کە کاتی ئاسایی دووگیانبوونیان تێپەڕاندووە، واتە دووگیانییەکەیان زیاتر لە 40 هەفتەی خایاندووە، بەمەش ژانی دەستکردی بۆ دەکەن تاوەکو بە سرووشتی خانمەکە منداڵەکەی لەدایکببێت، بەڵام ئەوانەی کە نەشتەرگەریی منداڵبوونیان بۆ کراوە لەم ژانە دەستکردە بێبەش دەبن و ئەو هەلەشیان نامێنێت کە بەو رێگەیە بە سرووشتی منداڵیان ببێت''.
ئاماری مانگی تەممووزی ئەمساڵ و ساڵی رابردووی نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی
بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاکەوتنی فێرکاریی سلێمانی، تەنیا مانگی رابردوو 863 منداڵ لە نەخۆشخانەکە لەدایکبوون کە 488ـیان بە سرووشتی لەدایکبوون و 375ـیان بە نەشتەرگەری، ئەمەش واتە 43.4٪ـی منداڵبوونەکان لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە بووە.
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو رێژەی نەشتەرگەریی منداڵبوون 39٪ بووە، بەڵام ئەمساڵ لە هەمان مانگ رێژەکە بۆ 43.4٪ بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ