خانمێکی ئەمریکی بەهۆی هەڵەیەکیەوە، شێرپەنجە ژیانی دەخاتە مەترسییەوە

08-09-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

خانمێکی 50 ساڵی ئەمریکی، بەهۆی هەڵەیەکیەوە، شێرپەنجە بە چەندان ئەندامی جەستەیدا بڵاو دەبێتەوە و ژیانی نزیک بووەتەوە لە مردن.
 
ئەڵتێس ئیسیدۆری، خانمێکی 50 ساڵی ئەمریکییە و بەهۆی ئەوەی گوێی بە پشکنینی پێشوەختەی هێلکەدانی نەداوە، پێی نەزانیوە کە تووشی شێرپەنجەی هێلکەدانی بووە و نەخۆشییەکەش گوازراوەتەوە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستەی.
 
ئەڵتێس ئیسیدۆری دەڵێت، هەرگیز بایەخی بە پشکنینی سۆنەر نەداوە و کاتێک پزیشکەکەی بە رێکەوت پشکنینی هێلکەدان و سۆنەری بۆ کردووە، دەرکەوتووە کە کیسی گەورەی هێلکەدانی هەیە، تەنانەت هەریەک لە کۆڵۆن، مەمک و جگەریش گرێی نامۆیان لەسەر بووە.
 
پزیشکان هەر خێرا نەشتەرگەرییان بۆ داناوە و دوای نەشتەرگەریش بۆیان دەرکەوتووە، هەریکە لە ریخۆڵەکوێرە، میزەڵدان، هێلکەدان و نێوپۆشی گەدەش تووشی شێرپەنجە بوون.
 
دواتر ئەو خانمە ژیانی رزگار کرا کە شێرپەنجەکەی بە هەموو جەستەیدا بڵاو بووبووەوە، ئەویش بە نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی بۆ ماوەی 7 مانگ، ئەو دەشڵێت، ئێستا تەندروستە و رۆژانەش ئەو دەرمانانە دەخوات کە ئەگەری دووبارە بوونەوەی شێرپەنجەکە کەم دەکەنەوە.
 
شێرپەنجەی هێلکەدان
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، شێرپەنجەی هێلکەدان زۆرجار بێنیشانەیە و نیشانە سەرەتاییەکانی بریتین لە 'ماندووێتی، ئاوسانی سک، هەستکردن بە تێربوون، ئازاری حەوز، پشتئێشە و سکئێشە'.
 
شێرپەنجەی هێلکەدان یەکێكە لە شێرپەنجە بڵاوەکان، لە دوای 50 ساڵان بەربڵاوترە و زوودەستنیشان نەکرێت دەگاتە حەوز و ئەندامەکانی سک و بەرەبەرە بڵاودەبێتەوە. 
 
بەساڵاچوون و بۆماوەیی، بوونی مێژووی نەخۆشییەکە لە خێزان، وەرگرتنی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و دەرمانەکانی دیکە، هەروەها لە سەرەتای هاتن و کۆتاییهاتنی سووڕی مانگانە لە تەمەنی نائومێدی فاکتەرە مەترسیدارەکانن بۆ تووشبوون. 
 
چارەسەری شێرپەنجەی هێلکەدان لە قۆناخی سەرەتا ئاسانترە، بەڵام بەگشتی یەکێك یان هەموو ئەمانە دەگرێتەوە: نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی و چارەسەر بە سیستمی بەرگری. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە