چارەسەرکارێکی سرووشتی لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر: ملئێشە و پشتئێشە لەنێو گەنجاندا زیادبوون

08-09-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لێپرسراوی بەشی چارەسەری سرووشتی لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ئێستا زۆرترین ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەری سرووشتی هەیە، گەنجانن و گیرۆدەی پشتئێشە و ملئێشە بوون، پسپۆڕێکیش ئەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەگەڕێنێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 8-9-2025 ئەردەڵان سەعدەدین، لێپرسراوی بەشی چارەسەری سرووشتی لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، حاڵەتەکانی پشتئێشە، ملئێشە، هەوکردنی جومگەکان، رۆماتیزم و جەڵتەکان لە بەشی چارەسەری سرووشتی هەن.
 
ئەو لێپرسراوەی چارەسەری سرووشتی دەڵێت: لە 16 ساڵی رابردوودا حاڵەتەکانی پشتئێشە و ملئێشە لەنێو گەنجاندا و تەمەنە بچووکەکان زیادیکردووە، بەجۆرێک لە 12 ساڵییەوە گیرۆدەی ئەوانەن و دێنە بەشی چارەسەری سرووشتی. تەنانەت ئەوەش باس دەکات، ''گەنج هەبووە بەهۆی شۆڕبوونەوەی ملی لە کارەکەی، تووشی ملئێشەی درێژخایەن بووە و بە نەشتەرگەری چارەسەر کراوە''.
 
ئەردەڵان سەعدەدین گوتی، ''رۆژانە 100 بۆ 150 کەس لە بەشی چارەسەری سرووشتی چارەسەر وەردەگرن، لەنێویشیان خانمان زۆرترینن''.
 
هەر ئەمڕۆ د. چرا کاوە حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی گوت، چەندان گەنج هەن بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە دووچاری ملئێشە و پشتئێشە بوون، کە بە چارەسەری سرووشتی و وەرزش چاک دەبنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە