رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، نزیکەی 6٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هەڵگری تالاسیمیان و رێگەکانی بنبڕکردنی زۆر ئاسانن، بەڵام پێویستی بە هۆشیاریی جیدیی تەندروستی هەیە لە هەموو لایەکەوە.
د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو دەڵێت: لە رابردوودا دەیان تووشبووی جۆری تالاسیمیای سەرەکی نێردران بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی گۆڕینی مۆخی ئێسک، ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە هیوایەک دەبەخشێت بە تووشبووان و خێزانەکانیان، بەڵام تووشبوون بە نەخۆشییەکە خەرجیی زۆر لەسەر تووشبووەکە، خێزانەکەی و حکومەتیش دروستدەکات.
ئەو بە رووداوی راگەیاند، ئەوەی ئێستا بە پێی یاسا رێکخراوە و یاسا پابەندی کردووە، بەر لە هاوسەرگیری پشکنینی خوێن بکرێت، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام هێشتا کۆتایی بە نەخۆشییەکە نەهێناوە، چونکە کاتێک دوو کەس بڕیاری کۆتایی بۆ هاوسەرگیری دەدەن ئینجا پشکنین دەکەن.
هەروەها د. هێرش روونی کردەوە، ئەو کاتەی دوو کەس هەموو پلانێکیان رێکخستووە و هەموو ئامادەکارییەکی کۆمەڵایەتیش کراوە بۆ هاوسەرگیری، ئینجا پشکنینی خوێن دەکەن و ئینجا پێیان دەگوترێت هەردوولا هەڵگرن، خۆشییەکەیان دەگۆڕێت بۆ ناخۆشی.
تالاسیمیا چییە؟
نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، جەستەی کەسی تووشبوو رێژەیەکی کەم و نائاسایی لە هیمۆگڵۆبین دروست دەکات، هیمۆگڵۆبین لە ناو خڕۆکەی سوور رۆڵی گرنگی هەیە لە گواستنەوەی ئۆکسجین، بۆیە لە تووشبوی تالاسیمیا خڕۆکە سورەکانی خوێن بچووکترن و زووتریش تێک دەشکێن و کەسەکە تووشی کەم خوێنی دەبێت.
لە ئەنجامی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەنێوان دوو کەسی هەڵگردا دروستدەبێت. کەواتە ئەگەر هاوسەرگری لەنێوان دوو کەسی هەڵگردا بکرێت، ئەوا هەمیشە تووشبووی نەخۆشییەکە زیاد دەکات؛ بەپێی توێژینەوە و ئامارەکان، نزیکەی 6٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هەڵگری تالاسیمیان.
د. هێرش بۆ بنبڕکردنی تالاسیمیا و کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون سێ پێشنیاز دەکات؛
1- ژمارەی هەڵگرانی تالاسیمیا زۆرن و وەک چۆن پشکنینی چاو پێش چوونە قوتابخانە و زانکۆ دەکرێت، ئاواش پشکنینی سەرەتایی پێکهاتەکانی خوێن (CBC) بۆ منداڵان بکرێت، ئەگەر کۆمەڵێک ئاماژەی سەرەتایی دەرکەوتن، ئەوا پشکنینی تایبەتی تالاسیمیا بکرێت.
2- ئەگەر کەسێک زانی هەڵگری تالاسیمیایە، گرنگە بەر لەوەی بڕیار لە پڕۆسەی هاوسەرگیری بدات، دڵنیا بێت لەگەڵ کەسێک ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت هەڵگر نەبێت، چونکە ئەمە تاکە رێگە بۆ بنبڕکردنی نەخۆشییەکە، خۆ ئەگەر هەردوولا هەڵگری تالاسیمیا بوون و هەر رژد بوون لەسەر بڕیای هاوسەرگیری ئەوا پێویستە بە شێوەیەکی دروست لەڕێگەی وانەی زانستی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە کۆی لێکەوتە نەخوازراوەکانی هاوسەرگیری نێوان دوو کەسی هەڵگریان بۆ روون بکرێتەوە.
3- مامۆستایانی ئایینیی بەڕێز، پڕۆسەی مارەکردن ئەنجام نەدەن بەر لە ئەنجامدانی پشکنینی خوێن وەکو چۆن ئەم کارە رێکخراوە بەگوێرەی یاسای پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پشکنینی تالاسیمیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ