رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ گرێیەکی کیلۆ و نیوی لە هێلکەدانی کچێکی نەوجەواندا دەردەهێندرێت و پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت، بەگوتەی نەخۆشەکە سێ رۆژە بەدەست سکئێشەوە دەناڵێت، تا وایلێهاتووە گرێیەکە گەورە بووە و بووەتە گرێیەکی شێرپەنجەیی.
ئەمڕۆ شەممە 8-11-2025 د. سەروار موسڵیح، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ کە پزیشکێکی نەشتەرگەرییەکەی کچەکە بووە بە رووداوی راگەیاند، کچەکە 16 ساڵە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە کەمپێکی بەردەڕەشدا دادەنیشێت و دوای ئەوەی سکئێشەیەکی تووندی تووشدەبێت، دەچێتە فریاکەوتنی بەردەڕەش و لەوێشوە رەوانەی ئاکرێی دەکەن.
د. سەروار موسڵیح روونی کردەوە، کچەکە بە گوتەی خۆی ''سێ رۆژ سکئێشەی بۆ دروستبووە و هەتا ئازارەکەی تووند نەبووە، نەهاتووەتە نەخۆشخانە''، هەر بۆیە ئەو گرێیە رێژەی خوێنی کەم کردبووەوە و بەجۆرێک گەورە بووبوو، کە بە لابردنی هێلکەدانی کۆتایی هات.
لەبارەی جۆری گرێیەکە بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاکرێ گوتی، ''پێشبینیدەکرێت 95٪ گرێی شێرپەنجەیی بێت''.
''ئەگەر زوو پشکنینی بکردایە ئاوای لێبەسەرنەدەهات''
د. شڤان سەعید زێباری، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەکە یەکێک بووە لە تیمی نەشتەرگەرییەکە و دەڵێت: گرێیەکە نزیکەی کیلۆ و نیوێک دەبوو و لەبەر پشتگوێخستنی ئازەکە لەلایەن کچەکەوە و گەورەبوونی گرێیەکە، ناچار بووین هێلکەدانیشی لاببەین و ئێستا یەک هێلکەدانی ماوەتەوە.
د. شڤان دەشڵێت، ''ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیرە و ئەگەر زوو پشکنینی بکردایە و پێشوەختە دەستنیشان بکرایە، ئەوا تووشی لابردنی هێلکەدان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی گرێیەکەی نەدەبوو''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ