رووداو - تەندروستی
بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان رایدەگەیێنێت، کەمیی ستاف و تەختی بەشەکانی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکانی منداڵان وایکردووە ژیانی منداڵان بکەوێتە مەترسییەوە و ئەوانەی پێویستیان بە چاودێریی چڕ هەیە بچنە نەخۆشخانەی تایبەت.
ئەمڕۆ دووشەممە 8-12-2025 د. ئاڵا سەرتیپ، پسپۆری نەشتەرگەرییەکانی منداڵان و بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان بە رووداوی راگەیاند، تەختی چاودێریی چڕ بۆ منداڵان جیاوازە و هی گەورانیان بۆ نابێت، چونکە پێویستیی بە ئامێری تایبەتی هەناسەدان هەیە.
د. ئاڵا سەرتیپ دەڵێت: ژمارەی تەختەکان کەمن و ئەمەش کێشەی بۆ پزیشکان و منداڵە نەخۆشەکان دروستکردووە. بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، نەشتەرگەرییەکانی ریخۆڵەکوێرە و فتق زۆرترین نەشتەرگەرییەکانی نێو منداڵانی هەرێمی کوردستانن.
بەدواداچوونێکی دێسکی تەندروستیی رووداو دەریدەخات، ژمارەی تەختەکانی چاودێریی چڕی منداڵان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ئەوەندە کەمترە لە ئاستی ستاندارد. (لە خوارەوە روونکراوەتەوە).
لە هەولێر لە نەخۆشخانەی فێرکاریی راپەڕین بۆ منداڵان تەنیا چوار تەختی چاودێریی چڕ هەیە
دێسکی تەندروستیی رووداو قسەی لەگەڵ (د. مەحموود محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی راپەڕین بۆ منداڵان لە هەولێر) کردووە و ئەو ئاشکرای کرد، تەنیا چوار تەختی چاودێریی چڕی منداڵانیان هەیە کە یەک دانەیان (ventilator) و سیانەکەی دیکەش CPAPـیان هەیە.
لە دهۆک نزیکەی 10 تەختی چاودێریی چڕ بۆ منداڵان هەن
د. ئومێد عەدنان، پسپۆڕێکی نەخۆشخانەی منداڵانی هێڤییە لە دهۆک و بە رووداوی گوت، ''نزیکەی 10 تەختی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکە هەن و یەکێکیش لە نەخۆشخانەی گشتیی ئاکرێ هەیە''. گوتیشی، ''ئەو ژمارەی تەختانە زۆر کەمن بۆ منداڵانی دهۆک''.
لە سلێمانی لەکۆی 10 تەختی چاودێریی چڕی منداڵان، چواریان گونجاون''
د.کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، 10 تەختی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەکەیان هەیە، بەڵام تەنیا چوار دانەیان ئامێری هەناسەدانی دەستکردنی هەیە.
لە هەڵەبجە هیچ تەختێکی چاودێریی چڕ نییە''
هەر ئەمڕۆ د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، ''هیچ تەختێکی چاودێریی چڕ بۆ گەوران و منداڵان لە تەواوی هەڵەبجەدا نییە و هەر کەسێک پێویستی بێت، دەبێت خێزانەکەی بچنە سلێمانی و لەوێ هەم نەخۆشەکەیان بخەوێنن و هەمیش خۆیان بمێننەوە''.
ژمارەی تەختەکانی چاودێریی چڕی منداڵان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ئەوەندە کەمترە لە ئاستی ستاندارد
بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، پێویستە لەکۆی 20 هەزار بۆ 30 هەزار منداڵ، یەک تەختی چاودێریی چڕی منداڵان هەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ئەوەندە کەمترە لە ئاستی ستاندارد، بەجۆرێک ئەگەر لەکۆی 30 هەزار منداڵ تەنیا یەک تەختی چاودێریی چڕی منداڵان پێویست بێت، ئەوا دەبێت لە هەرێمی کوردستان 68.8 تەختی چاودێریی چڕ هەبێت، بەڵام ئێستا لانیکەم تەنیا 24 تەخت هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ