رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ 13ـهەمین رۆژی مانگرتنی ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەرە لە سلێمانی، ئەوان 12 کەسن و تیمەکانی تەندروستیی دەڵێن، دۆخی تەندروستیی شەشیان باش نییە، پسپۆڕێکی لە رووداوەوە هۆشداری دەداتە مانگرتووان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9-2-2025 پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لەنێو خێوەتی بەشێک لە مامۆستا و کارمەندانی مانگرتووی سلێمانی گوتی، تیمەکانی تەندروستی بۆیان دەرکەوتووە کە دۆخی تەندروستیی شەش مانگرتوو تێکچووە و ناوە ناوە دەنێردرێنە نەخۆشخانەی شار.
د. زرار حوسێن، پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو تایبەت بە رووداو دەڵێت، نەخواردن بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بنەڕەتدا دەبێتەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ئاو و خوێی جەستە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەکات و دەشێت گورچیلەکانیان پەکبخات.
د. زرار حوسێن گوتی، ئەگەر چارەسەری پزیشکیی پێویست بۆ مانگرتووان نەکرێت مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستییان دروستدەبێت، بەجۆرێک شەکرەیان دادەبەزێت و ماسوولکە و کۆئەندامی هەرسیان تێکدەچێت.
بە گوتەی د. زرار، لەوانە مەترسیدارتر تووشبوونە بە وشکبوونەوە و زیادبوونی مەترسیی لەکارکەوتنی گورچیلەکان دەشێت رووبدات.
ئەمڕۆ 13 رۆژ بەسەر مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە سلێمانی تێپەڕدەبێت، ئەوان چەندان کەسن و لە نێو خێوەتدا قەرەوێڵەیان داناوە و شەوانیش لەوێ دەخەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ