تیمە تەندروستییەکانی فاستکەیر رۆژانە لە ماڵەوە بە خۆڕایی چارەسەری نەخۆش دەکەن

09-04-2020
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
کۆمپانیای فاستلینک لەگەڵ رێکخراوی گاید پرۆژەی فاستکەیر جێبەجێ دەکەن
کۆمپانیای فاستلینک لەگەڵ رێکخراوی گاید پرۆژەی فاستکەیر جێبەجێ دەکەن
A+ A-

رووداو - هەولێر

تیمە تەندروستییە گەڕۆکەکانی خزمەتگوزاریی فاستکەیر رۆژانە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و بە خۆڕایی پشکنین و چارەسەری ئەو نەخۆشانە دەکەن کە بەهۆی قەدەخەکردنی هاتووچۆ، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیان بە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان ناگات.
 
د. ئیبراهیم کانەبی، سەرۆکی رێكخراوی گاید کە هەستاوە بە رێكخستنی پرۆژەکە دەڵێت، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 500 نەخۆشیان لە تەواوی کوردستان چارەسەرکردووە، رۆژانە زیاتر لە 35 تیمیان سەردانی ماڵی نەخۆشەکان دەکەن، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، سەرجەم قەزا و ناحییەکانی دیکە تیمەکانیان ئامادەن و بە خۆڕایی پشکنین و چارەسەریان بۆ دەکەن و دەرمانیان بۆ دابیندەکەن.
 
یەکێک لە پزیشکانی تیمی فاستکەیر لە هەولێر، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نەخۆشەکان و دەچێت تاوەکو بیانبینێت، دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە 40 نەخۆش لە گەرەکە جیاوازەکانی شاری هەولێر دەبینێت، کە سەردانکردن، چارەسەر و چاودێری و دەرمان هەمووی بە خۆڕاییە.
 
لەم کاتە قورسەی کە نەخۆشخانەکان قەرەباڵخن، نەخۆش پێویستی بە چارەسەرە، زۆربەی نەخۆشخانەکانیش بۆ کۆرۆنا تەرخانکراون، تیمی فاستکەیر سەردانی نەخۆشەکان لە ماڵەوە دەکەن.
 
کۆمپانیای فاستلینک لەگەڵ رێکخراوی گاید پرۆژەی فاستکەیر جێبەجێ دەکەن، تاوەکو ئێستا 35 تیمی پزیشکییان هەیە، رۆژانە بەگوێرەی پێویست ژمارەی تیمەکان زیاددەکەن، لە ماوەی دەستبەکاربوونی خزمەتگوزارییەکە، زیاتر لە هەزار و 500 نەخۆش سوودمەندبوون.
 
سەفین خدر، گوتەبێژی کۆمپانیای فاستلینک دەڵێت "ئێمە لە کۆمپانیای فاستلینک بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی تەندورستی کە هەمیشە خۆمان بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان داناوە، هەستاین پرۆژەیەکمان بە ناوی فاستکەیر راگەیاند، کە چارەسەری نەخۆشان دەکات لە ماڵەوە بەبێ بەرامبەر لە رێگەی تیمە گەڕۆکەکان".
 
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی رابردووەوە خزمەتگوزاریی فاستکەیری راگەیاندووە کە لە رێگەی ژمارەی مۆبایلی تایبەت لە سەرجەم شارەکانەوە هاونیشتمانییان دەتوانن پەیوەندییان پێوەبکەن، نەخۆشانی درێژخایەن، تووشبووانی شێرپەنجە، خانمانی دووگیان و منداڵان سوود لە خزمەتگوزارییەکە وەردەگرن.
 
ژمارەی مۆبایلەکانی خزمەتگوزاریی فاستکەیر
هەولێر و کۆیە: 07507117276
سلێمانی، دوکان و عەربەت: 07728453030
دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ: 07517814977
هەڵەبجە: 07729453030
سنووری ئیدارەی راپەڕین: 07501162814
سۆران و رواندز: 07507583939
گەرمیان، کەلار و دەربەندیخان: 07716807271
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە