تەندروستی
گەردیلەی ڤایرۆسەکە لەگەڵ وێنەی ئەو کەشتییەی تێیدا بڵاو بووەتەوە و مشکیش کە هۆکارێکی گواستنەوەیەتی.
رووداو - تەندروستی
کەشتیی گەشتیاریی (MV Hondius) کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی دەگمەنەوە سێ کەس تێیدا گیانیان لەدەستداوە و 115 کەسیش تووشی ڤایرۆسێک بوون بە ناوی هانتا.
کۆمپانیای (ئۆشنواید ئێکسپێدیشنز)ـی هۆڵەندی کە سەرپەرشتیی کەشتییەکە دەکات، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، 149 کەس لەناو کەشتییەکەدان. ئەم کەسانە خەڵکی 23 وڵاتی جیاوازن؛ زیاتر لە 80 گەشتیاری تێدایە زۆرینەیان بەریتانی، ئەمریکی و ئیسپانین، زۆرینەی تیمی کارمەند و کارگوزارانی کەشتییەکەش خەڵکی فلیپینن.
ڤایرۆسی هانتا دەگمەنە زۆرجار لە رێگەی جرج و مشکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەتایبەت لە رێگەی میز و لیکیانەوە. تاقیگەکان لە سویسرا و ئەفریقای باشوور پشتڕاستیان کردەوە، جۆری ڤایرۆسەکە بریتییە لە (ئەندێز - Andes)، کە تاکە جۆری ئەم ڤایرۆسەیە دەکرێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەڵێ مەترسییەکە بۆ سەر خەڵک لە ئاستێکی نزمدایە، چونکە پێویستی بە بەریەککەوتنی زۆر نزیک هەیە بۆ بڵاوبوونەوە.
چۆن ڤایرۆسی هانتا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە میز، پیسایی و لیکی قرتێنەرەکان.
- تێکەڵاوبوونەوەی پاشماوەی قرتێنەرەکان بە خۆراک و ئاوی مرۆڤ.
- تێکەڵاوبوون و بەرکەوتن لەگەڵ کەسی تووشبووی ڤایرۆسەکە.
- دەستدان لەو شوێنەی پاشماوەی مشک و جرجی تێدایە و دواتریش دەستدان لە دەم و لووت.
نیشانەکانی ڤایرۆسی هانتا چین؟
لە سەرەتادا
- لەرز و تا
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان و بێهێزی
- پشتئێشە و ئازاری قاچەکان
- هێڵنجدان و رشانەوە
- ماندوویێتی
لە قۆناخی تووندی نەخۆشییەکە
- هەناسەتەنگی
- کۆبوونەوەی شلە لە سییەکان
- دابەزینی پەستانی خوێن
- خێرالێدانی دڵ
- سستبوونی گورچیلەکان
- ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بە گیانلەدەستدان کۆتایی دێت
ئایا ڤایرۆسی هانتا چارەسەری هەیە؟
- تائێستا چارەسەری دیاریکراوی نییە.
- دەرمان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە بەکاردێت.
- نەخۆش دەخرێتە چاودێریی چڕ بۆ رزگارکردنی ژیانی.
بەم شێوەیە خۆت لە ڤایرۆسی هانتا بپارێزە
- پاککردنەوەی شوێنی مانەوە و شوێنی دروستکردنی خۆراک.
- دەستنەدان لەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- بەکارهێنانی گسکی کارەبایی بۆ پاککردنەوەی پێچ و کون و قوشبنەکان، بەڵام لەو کاتەدا دەمامک بەکاربێت.
- پاککەرەوەی کیمیایی گونجاو بەکاربێت بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- ئەو رێکارانە بگیرێنەبەر کە قرتێنەرەکان کەم دەکاتەوە و لەنێویان دەبات بەتایبەت لە ماڵ و شوێنی کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ