کۆچەر کەریم: ئەو مادەیەی بۆ پشکنین بەکاردەهێنرێت لە نەخۆشخانەکاندا کەمە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بڕوا فەرهاد
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی تالاسیمیا رایدەگەیێنێت، ئەو دەرمانەی ئێستا لە عێراق دروست دەکرێت و بە تووشبووانی تالاسیمیا دەدرێت، کاریگەریی لاوەکیی خراپی هەیە و کێشەی گەدە و گورچیلەمان بۆ دروست دەکات.
 
کۆچەر کەریم سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، "تالاسیمیا نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستی بە چارەسەری بەردەوام هەیە، بەڵام ئەو مادەیەی بۆ پشکنین بەکاردێت لە نەخۆشخانە حکومییەکان کەمە و نەخۆش ناچارە لە دەرەوە بە پارە بیکات."
 
سەبارەت بە کواڵیتیی دەرمانەکان، کۆچەر کەریم گوتی، "پێشتر دەرمانی دژەئاسن کە کواڵیتیی بەرز بوو بۆیان دەهات، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق خۆی دروستی دەکات کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەشێک لە نەخۆشەکان هەبووە، زۆر درەنگ رێژەی ئاسن دادەبەزێنێت و کێشەی گەدە و گورچیلەی بۆ دروست کردوون، هەروەها ماوە ماوە کێشەی کەمیی دەرمانمان بۆ دروست دەبێت."
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیا باس لەوە دەکات کە تووشبووانی تالاسیمیا دووچاری نەخۆشیی دیکەش دەبن و بۆ هەر گرفتێک دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، ئەمەش ئەرک و خەرجییەکی زۆری دەوێت و دەکەوێتە سەر شانی نەخۆشەکە.
 
کۆچەر کەریم لەبارەی مووچەی تووشبووانیشەوە گوتی، "پشتگیریی حکومەت بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا زۆر کەمە، پێشتر بەشێکیان مانگانە 150 هەزار دیناریان وەکو مووچە وەردەگرت، بەڵام لە ساڵی 2013ـەوە راگیراوە، ناومان ناردووە بۆ وەزارەتی کار، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری پێدانی مووچەکەمان پێ نەدراوە."
 
تووشبووانی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان
هەولێر1196
سلێمانی و هەڵەبجە 1387
دهۆک 945
 
کۆی گشتی
3528 تووشبوو
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە