رووداو - هەولێر
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، کەشتیی گەشتیاریی هۆندیۆس (MV Hondius) کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەوە سێ لە سەرنشینانی گیانیان لەدەستداوە، بگاتە کەناراوەکانی دوورگەی تێنێریف لە ئیسپانیا.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) پەیامێکی ئارامکەرەوەی ئاراستەی خەڵکی دوورگەکە کرد و رایگەیاند: "پێویستە بە روونی گوێتان لێم بێت؛ ئەمە کۆرۆنایەکی دیکە نییە."
'مەترسییەکە کەمە'
تێدرۆس ئەدهانۆم لە نامەیەکی کراوەدا بۆ دانیشتووانی دوورگەی تێنێریف، گوتی، مەترسیی ڤایرۆسی هانتا بۆ سەر تەندروستیی گشتی لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە: "دەزانم نیگەرانن و کاتێک وشەی 'سەرهەڵدانی نەخۆشی' دەبیستن، بیرەوەرییەکانی ساڵی 2020 و سەردەمی کۆرۆناتان دێتەوە یاد، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی ئێمە نیشانی دەدەن کە مەترسییەکە بۆ ئێوە زۆر کەمە."
بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا 8 حاڵەتی گوماناوی تۆمارکراون؛ 6یان بە فەرمی پشتڕاستکراونەتەوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش سێ کەسیان (دوو هاوژینی هۆڵەندی و ژنێکی ئەڵمانی) گیانیان لەدەستداوە. ئێستا هیچ کەسێک لەناو کەشتییەکەدا نییە کە نیشانەی نەخۆشییەکەی تێدا مابێت.
پلانی چۆڵکردنی کەشتییەکە
حکومەتی ئیسپانیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تەندروستیی جیهانی، پلانێکی وردی "هەنگاو بە هەنگاو"ـی بۆ دابەزاندنی 150 سەرنشینەکەی کەشتییەکە ئامادە کردوە. بەپێی پلانەکە:
1. کەشتییەکە لە ناو دەریا دەمێنێتەوە و نایەتە ناو بەندەر.
2. سەرنشینەکان لەرێگەی بەلەمی بچووکەوە بۆ (بەندەری پیشەسازیی گرانادیلا) دەگوازرێنەوە، کە دوورە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان.
3. گواستنەوەیان بۆ فڕۆکەخانە لەرێگەی پاس و ئۆتۆمبێلی تایبەت و داخراوەوە دەبێت.
4. هەر لەوێوە بە فڕۆکە بۆ وڵاتەکانی خۆیان (وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا) دەگەڕێندرێنەوە.
وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، "هیچ بەریەککەوتنێک" لە نێوان گەشتیارەکان و خەڵکی ناوچەکە دروست نابێت و تەواوی ئەو رێڕەوانەی پێیدا تێپەڕ دەبن، کەرەنتینە دەکرێن.
ڤایرۆسی ئەندێز؛ نیشانەکان و مەترسیی گواستنەوە
ئەو جۆرە ڤایرۆسەی لەناو کەشتییەکەدا دۆزراوەتەوە، ناوی ڤایرۆسی (ئەندێز - Andes)ـە کە جۆرێکی دەگمەنی ڤایرۆسی هانتایە و لە ئەمریکای لاتین بڵاوە. ئەم نەخۆشییە بە گشتی لە رێگەی پاشەڕۆ و لیکی مشک و جرجی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
ئەوەی ئەم جۆرەی ڤایرۆسەکە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە تاکە جۆری ڤایرۆسی هانتایە کە دەکرێت "لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ" بگوازرێتەوە، بەڵام ئەمەش تەنیا لە حاڵەتی بەریەککەوتنی زۆر نزیک و درێژخایەندا دەبێت (وەک ماڵباتێک یان هاوژینەکان). پزیشکەکان دەڵێن ئەم ڤایرۆسە وەک کۆرۆنا یان سوورێژە نییە کە بە ئاسانی لەڕێگەی هەواوە بڵاوببێتەوە، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینەوەی لیکی دەم هەیە.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە تا، هەوکردنی سییەکان و کێشەی دڵ، کە رێژەی مردن تێیدا دەگاتە 38٪.
یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکان ئەوەیە کە ماوەی گەشەکردنی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا (Incubation period) دەگاتە شەش هەفتە، بۆیە رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا حاڵەتی نوێ لە ناو ئەو کەسانەدا دەربکەوێت کە پێشتر لە کەشتییەکە دابەزیون.
بەدواداچوونی جیهانی
ئێستا لە چەندین وڵات، لەوانە بەریتانیا، کەنەدا، ئەڵمانیا، سەنگاپوور و سویسرا، چاودێریی ئەو کەسانە دەکرێت کە لەم گەشتەدا بوون.
* لە هۆڵەندا، کارمەندێکی فڕۆکە کە بەریەککەوتنی لەگەڵ یەکێک لە تووشبووەکان هەبووە، پشکنینەکەی نەرێنی دەرچوو.
* لە سویسرا، پیاوێک تووشبووە و هاوژینەکەی کە لەگەڵیدا بووە، تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی تێدا دەرنەکەوتووە.
* لە دوورگەی سەینت هێلێنا، نزیکەی 30 گەشتیار پێشتر دابەزیون و ئێستا لەژێر چاودێریدان.
پوختەی گەشتەکە
کەشتیی (MV Hondius) لە یەکی نیسان لە باشووری ئەرجەنتینەوە بەڕێکەوت. دوای وەستانی لە چەندین دوورگەی زەریای ئەتڵەسی، قەیرانی تەندروستی تێدا دەرکەوت.
گەشتیارێکی تورک کە لە ناو کەشتییەکەدا بووە، دەڵێ دوای گیانلەدەستدانی یەکەم کەسیش، ژیان لەناو کەشتییەکەدا ئاسایی بووە و تەنانەت کەس ماسکیشی بەکارنەهێناوە، چونکە نەیانزانیوە مەترسییەکە چییە.
بڕیارە لە 11ـی ئایارەوە پڕۆسەی رەوانەکردنەوەی سەرنشینەکان بۆ وڵاتەکانیان دەستپێبکات، لە کاتێکدا تیمێکی کەم لەناو کەشتییەکەدا دەمێننەوە تاوەکو دەگاتە دوا وێستگەی کە وڵاتی هۆڵەندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ