ناوەندی شێرپەنجە لە ئەڵمانیا: ڤیتامین D تێچووی تووشبوون بە شێرپەنجە و مەترسییەکەی کەم دەکاتەوە

09-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی
 
توێژینەوەیەکی ناوەندی توێژینەوەیە شێرپەنجە لە ئەڵمانیا دەریدەخات، ئەوانەی سەروو 50 ساڵانن و رۆژانە دەنکۆڵەیەکی ڤیتامین D دەخۆن، ئەگەری مردن و تووشبوونیان بە شێرپەنجە کوشندەکان کەمە، بەمەش تەندروستیی وڵاتان تێچووی کەمتریان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکە دەبێت.
 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری شێرپەنجەی گەردیلەیی MOJ بڵاوکراوەتەوە و بەپێی ناوەندەکە، ئەوانەی لەدوای تەمەنی 50 ساڵییەوە سوود لە سەرچاوەکانی ڤیتامین D و تەواوکەرە خۆراکییەکانی وەردەگرن، ئەگەری تووشبوونیان و رێژەی کوشندەییان بە شێرپەنجە کەم دەبێتەوە. 
پسپۆڕانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوە دەکرێت ببێتەهۆی کەمبوونەوەی ساڵانەی 30 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبووی شێرپەنجە لە ئەڵمانیا و کەمبوونەوەی تێچووی چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکە لەسەر دەوڵەت.
 
توێژینەوەکە ئامانجی ئەوەیە کە ئەو پەیامە بگەیێنێت، ''وەرگرتنی ڤیتامین  D دەشێت رێگەیەک بێت بۆ کەمبوونەوەی تێچووی تووشبووانی شێرپەنجە و کەمبوونەوەی رێژەی کوشندەیی نەخۆشییەکە''.
 
تۆماس گرێدنەر، سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکە دەڵێت: ''هەر تاکێک 25 یۆرۆ بە کڕینی تەواوکەرە خۆراکییەکان خەرج دەکات، بەراورد بەوە ساڵانە 900 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە، چونکە پێشگیری لەو ژمارەی زۆرەی تووشبوون بە شێرپەنجە دەکات''.
 
توێژەران پێشنیازی خواردنی رۆژانەی یەک دەنکۆڵە بە بڕی هەزار یەکەی نێودەوڵەتیی ڤیتامین دی دەکەن بۆ کەسانی سەروو 50 ساڵان.
 
ئۆفیسی ئەورووپیی دەزگای خۆراک و دەرمان FDA رایدەگەیێنێت، دەنکۆڵەکانی ڤیتامین D پێویستە لەدوای نانخواردن بخورێن، چونکە لەچەوریدا تواوەن و لەگەڵ خۆراکە چەورەکاندا باشتر دەتوێنەوە.
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی خۆراک لە سوێد، خۆراکەکانی وەکو؛ ئاڤۆگادۆ، گوێز، ماسی، قارچک، جگەری ئاژەڵ، شەربەتی پرتەقاڵ، شیرەمەنییەکان و زەردێنەی هێلکە سەرچاوەی سەرەکیی ڤیتامینەکەن، بەڵام بەرکەوتن بە تیشکی خۆر سەرچاوەی هەرە سەرەکییە.
 
لێکۆڵینەوەی جیاواز و پسپۆڕان رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکەن کە دەنکۆڵەی ڤیتامین دی باشترە دوای نانی نیوەڕۆ بخورێت و ئێواران نەخورێت باشترە، چونکە دەشێت ببێتەهۆی تێکچوونی خەو و خەوزڕان. {هەرچەندە ئەوانەش سنووردارن، بەڵام باشترە کە هەر دوای ژەمی نیوەڕوان بێت}.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە