مەترسییەکی نوێی ڤەیپ؛ مادەیەکی مەترسیدارتر لە شەکری تێدایە

09-06-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی

رۆژ بە رۆژ مەترسییەکان و توێژینەوەکان لەبارەی جگەرەی ئەلیکترۆنی ''ڤەیپ''ـەوە ئاشکرا دەکرێن و پسپۆڕان پێیان وایە لەبەر ئەوەی ڤەیپ تازە هاتووەتە نێو خەڵک، هێشتا کۆمەڵێک مەترسیی هەن کە نەزاندراون و رۆژ بە رۆژ لە توێژینەوەکانەوە ئاشکرا دەکرێن.
 
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی هاوبەشی نێوان سکووڵی پزیشکیی زانکۆی یاڵێ و زانکۆی دووک دەریدەخات، ڤەیپەکان مادەی وایان تێدایە کە 13 هەزار جار هێندەی شەکر شیرینترن و زیانەکانی هەزاران جار لە شەکری سپی زیاترن.
 
لیکۆڵینەوەکە لەسەر 73 بەرهەمی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە ئەمریکا کرا و دەرکەوت، 57ـیان جۆرە مادەیەکیان تێدایە بە ناوی نیۆتەیم کە شیرینکەرێکی دەستکردە و 13 هەزار جار لە شەکری سپی شیرینترە. 
 
پسپۆڕان مەترسییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە ، 'لەکاتی گەرمکردنی ئەو مادەیە، پێکهاتەکەی بگۆڕێت و مادەی شێرپەنجەیی و ژەهراویی لێدروست ببێت، چونکە گەرمکردن بەشێکی سەرەکیی ڤەیپە'.
هانۆ ئێریترۆپۆڵ، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت: ئەو مادەیە هۆکارێکە بۆ زیانگەیاندن بە پووک و فەرمانی ریخۆڵەکان.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە 2023 لە ئەورووپا کرا، بەکارهێنەری ئەو ڤەیپانەی بۆ یەکجار بەکاردێن و ژمارەی دیاریکراوی کێشانیان هەیە لە نێو گەنجاندا بەتایبەت 15 بۆ 24 ساڵان زیادبوون و هۆکارەکانیش ئەمانەن؛ 
 
- بەکارهێنانی ئاسان
- زۆری ژمارەیان
- دەستکەوتن و شاردنەوە بە ئاسانی
- کەمیی نرخ
- رازاندنەوەیان
 
کۆمەڵەی سییەکان لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، پڕۆپیلین گلایکۆڵ، یەکێکە لە مادە سەرەکییەکانی نێو ڤەیپ و هۆکارە بۆ شێرپەنجەی لووت، هەناسەتەنگی و وشکبوونی دەم، هەروەها فۆرماڵدیهاید و ئەسیتالدیهایدەکانی تێدایە کە هەستیاریی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە و هەناسەتەنگی و تێکچوونی رەنگی پێست دروستدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە