رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کورد لەبارەی ئەزموونی پزیشکانی ئیتاڵی بۆ نەشتەرگەرییەکانی گوێ و کاسەی سەر رایدەگەیێنێت، ئەو ئامێر و تەکنەلۆژیایەی لەو بوارەدا هەیانە، لە هەرێمی کوردستانیش هەیە و بەردەست دەبێت، بەڵام کێشەی کەمیی ئەزموونمان هەیە، بۆیە ئەو پسپۆڕە چووەتە ئیتاڵیا بۆ وەرگرتنی ئەزموون لەو بوارە.
د. محەممەد دلاوەر، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ بۆماوەی 10 مانگ چووەتە نەخۆشخانەیەکی ئیتاڵیا کە تایبەتە بە نەشتەرگەرییەکانی گوێ و کاسەی سەر و ئەمڕۆ سێشەممە 9-9-2025 بە رووداوی راگەیاند، لێهاتوویی ئیتاڵییەکان بۆ ئەو جۆرە پسپۆڕییە زۆرە و ئامێری تەواویان لەبەردەستدایە بۆ نەشتەرگەری و چارەسەرەکان.
ئەو نەخۆشخانەیەی د. محەممەد دلاوەر بۆی چووە، ناوی کاسا دی کورایە و سەر بە سەنتەری Gruppo Otologico لە شاری پیاچێنزای ئیتاڵیا. ساڵی رابردوو لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو تشرینی یەکەم لەژێر سەرپەرشتیی چەندان پسپۆڕی ئیتاڵیدا بووە و ئەزموونیانی لێوەرگرتووە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سوودی لێببینێت و بەکاریبهێنێت.
د. محەممەد دلاوەر گوتی، ''ئەو نەخۆشخانەیە بایەخێکی زۆر بە ئامار و پاراستنی زانیارییەکانی نەخۆش دەدات و هاوکارێکی باشی توێژەرانیش دەکەن بۆ دەستخستنی زانیارییەکانیان لەپێناو توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی نەخۆشی و رێگەکانی چارەسەرییان''.
گوتیشی، داتاکانی پێش 20 ساڵی نەخۆشەکانی گوێ و کاسەی سەریان هەڵگرتووە تاوەکو بۆ توێژینەوە بەکاریانبهێنن و بایەخێکی زۆریش بە بەئەلیکترۆنیکردنی ئەنجامی پشکنینەکان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ