رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر رایدەگەیێنێت، بەسەرکەوتوویی یەک ملیۆن گواستنەوەی خوێن بە سەلامەتی کراون بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لەڕێگەی گواستنەوەی خوێنەکەوە تووشی نەخۆشی بووبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9-11-2025 د. سانع ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، توانیومانە زیاتر لە ملیۆنێک یەکەی خوێنی تەندروست و پشکنراو بگەیێنینە نەخۆش بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشی بووبێت و هەموویان سەلامەت بوون.
بەگوتەی د. سانع ئەبوبەکر، ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن، بۆ هەر ملیۆنێک گواستنەوەی خوێن، ئاساییە ئەگەر کەسێک لەکاتی گواستنەوەی خوێندا تووشی نەخۆشیی ڤایرۆسی ببێت. بەڵام لە بانکی خوێنی هەولێر ئەو یەک کەیسەش بەدینەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە روونی کردووەتەوە، ئەو جیدیاتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکی خوێن هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو کۆمەڵێک ئامێری هاوچەرخی تێدایە کە وایکردووە بەم دواییانە بانکەکە بڕوانامەی ISO 15189 بەدەستبهێنێت، لە ساڵی 2016ـەشەوە هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆس و بەکتریا نەبووە، بەهۆی وەرگرتنی خوێنەوە تووشبووبێت.
ئەو ئاماژە بە بایەخی بەدیجیتاڵ بوونی سیستمی بەخشین و وەرگرتنی خوێن دەکات و گوتی، ''بەهۆی دڵنیایی و وردی لە زانیارییەکانی بەخشەر و وەرگر ئێستا هیچ کەسێک تووشی نەخۆشیی ڤایرۆسی نەبووە بەهۆی وەرگرتنی خوێنەوە''.
لە بەڕێوەبەرایەتییەکە پشکنینی چوار جۆری ڤایرۆس {نەخۆشیی ئەیدز و نەخۆشیی هەوکردنی جگەر} و پشکنینی نەخۆشیی زوهریش کە درێژخایەنن، دەکرێن.
هەروەها رۆژانە 200 خوێنبەخشیان هەیە و زۆرترین خوێنیش بۆ ئەم نەخۆشانە دابیندەکەن؛
- تووشبووانی تالاسیمیا
- تووشبووانی شێرپەنجە
- پەککەوتووانی گورچیلە
- ئەوانەی نەشتەرگەرییەکانی چاندنی جگەریان بۆ دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن رایدەگەیێنێت، پشکنینی پێشوەختەی ڤایرۆسەکان بەتایبەت بۆ 'نەخۆشیی ئەیدز' یارمەتیدەرە لە زوو دەستنیشانکردن، بەمەش ئاسانتر نەخۆشییەکان کۆنتڕۆڵدەکرێن و ئەگەری گواستنەوەیان کەم دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ